سوپای عێراق هێرشەکانی ئێران بۆ ناوچە سنوورییەکان سەرکۆنە دەکات

"دژی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئێرانین لە سنووری هەرێمی کوردستان"
ئاڵای عێراق و ئاڵای ئێران
ئاڵای عێراق و ئاڵای ئێران

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای عێراق سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، دژی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئێرانین لە سنووری هەرێمی کوردستان.

سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای عێراق لە راگەیێندراوێکدا سەرکۆنەی لێدوانی محەممەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێرانی لەبارەی بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەو وڵاتە لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک رێگەنادەن خاکی عێراق لە دژی دراوسێکانی بەکاربهێندرێت و جەختیش لەسەر بوونی پەیوەندی برایانە لەگەڵ دراوسێکانمان دەکەینەوە.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لەسەر وڵاتانی دراوسێی عێراق پێویستە پابەندی زمانی هاوکاری و پەیوەندی هاوبەشبن.

ئاماژەی بەوەشداوە، سەرکۆنەی لێدوانەکانی ئەمدواییەی محەمەد باقری دەکەن و دژی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئێران لە سنووری هەرێمی کوردستانن.

پێشتر سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاندبوو، ئۆپەراسیۆنەکانیان تا لە ناوبردنی تەواوی بنکەکانی پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.

 

د.ی