وه‌زاره‌تی شاره‌وانی 469 پڕۆژەی خزمه‌تگوزاری جێبه‌جێ ده‌كات

ساسان عەونی: ئێستا تەنیا لە سێكتەری شارەوانیدا به‌ گوژمه‌ی زیاتر لە 2 ترلیۆن و 120 ملیار دینار پڕۆژه‌كانمان لەژێر جێبەجێكردندان
جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار
جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار

K24 - هه‌ولێر:

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاماژە بەوە دەكات ئێستا كۆمەڵێك پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سێكتەرەكانی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاو و ئاوەڕۆ و شوێنەوار لە قۆناغی جێبەجێكردندان، كە هەندێكیان ساڵانی پێشوو لەژێر جێبەجێكردندابوونە، بەڵام تەواونەكرابوون، ئێستا درێژە بە تەواوكردنیان دەدرێت و هەروەها ئەو پرۆژانەشی كە لە كابینەی نۆیەمدا بڕیاریان لەسەر دراوە، ئێستا كاركردن تێیاندا بەردەوامە و بەشێكیشیان تەواوبوونە.

ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، ئێستا بە گوژمەی زیاتر لە 5 ترلیۆن دینار لە سێكتەرەكانی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاو و ئاوەڕۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەژێر جێبەجێكردندان.

لەبارەی پڕۆژەكانی سێكتەری شارەوانی، ساسان عەونی ئاشكرای كرد، تەنیا لە سێكتەری شارەوانیدا، ئێستا 469  پڕۆژە لە بواری جێبەجێكردندان و گوژمەی ئەو پڕۆژانەش زیاتر لە 2 ترلیۆن و 120 ملیار دینارە و لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێن.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی پڕۆژەكان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئەو پڕۆژانە بەشێكیان پڕۆژەی بەردەوامن و بەشێكی دیكه‌یان تازە دەستبەجێبەجێكردنیان كراوە و كاریان تێدا دەكرێت و بەشێكیشیان تەواو كراون.