لە یەدەگی گازی سەلمێندراو عێراق چوارەمین وڵاتی عەرەبییە

"قەتەر خاوەنی گەورەترین یەدەگی گازی سرووشتی سەلمێندراوە"
کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی سوتەمە نی
کێڵگەیەکی بەرهەمهێنانی سوتەمە نی

K24 - هەولێر

کۆمپانیای BP بەریتانی رایگەیاند، لە پلەبەندی گازی سرووشتی سەلمێندراو بۆ ساڵی 2020 عێراق چوارەم وڵاتی عەرەبییە.

ئەو کۆمپانیا بەریتانییە لە خشتەیەکی ساڵی 2021 بڵاویکردووەتەوە، عێراق چوارەم وڵاتی عەرەبییە لە پلەبەندی یەدەگی گازی سرووشتی سەلمێندراو لە ساڵی 2020، خاوەنی 124.6 ترلیۆن پێ سێجا گازی سرووشتییە، ئەوەش 1.9٪ کۆی یەدەگی گازی سرووشتی سەلمێندراوی هەموو جیهان پێکدەهێنێت.

لە داتاکانی کۆمپانیای بی پی هاتووە، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیدا، قەتەر خاوەنی گەورەترین یەدەگی گازی سرووشتی سەلمێندراوە، کە بڕەکەی 871.1 ترلیۆن پێ سێجایە، سعوودیە لە پلەی دووەمدایە بە بڕی 212.6 ترلیۆن پێ سێجا، ئیمارات لە پلەی سێیەمدایە، بەبڕی 209.7 ترلیۆن پێ سێجا، عێراق لە پلەی چوارەم دایە بە بڕی 124.6 ترلیۆن پێ سێجا. یەدەگی گازی سرووشتی سەلمێندراویش لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، 40٪ کۆی یەدەگی گازی سەلمێندراوی جیهانی پێکهێناوە.

لەسەر ئاستی جیهانیشدا، رووسیا لە پلەبەندی یەکەمدایە، یەدەگی گازی سرووشتی سەلمێندراوی 1320.2 ترلیۆن پێ سێجایە، ئێران لە پلەی دووەمدایە 1133.6 ترلیۆن پێ سێجا، قەتەر لە پلەی سێیەم 871 ترلیۆن پێ سێجا، تورکمانستان لە پلەی چوارەم 480.3 ترلیۆن پێ سێجا، ئەمەریکاش لە پلەی پێنجەم دایە بە بڕی 445.6 ترلیۆن پێ سێجا.