11 سەنتەری دیکەی تایبەت بە پێدانی ڤاکسینی فایزەر دەکرێنەوە

هەفتانە 100 هەزار ژەمی ڤاکسین دەگاتە هەرێمی کوردستان
سه‌نته‌ری پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا له‌ نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری له‌ هه‌ولێر
سه‌نته‌ری پێدانی ڤاكسینی كۆرۆنا له‌ نه‌خۆشخانه‌ی رزگاری له‌ هه‌ولێر

K24 - هەولێر

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئەحمەد زویتن، بەرپرسی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق. رایگەیاند، ئێستا هەفتانە 100 هەزار ژەمی ڤاکسین دەگاتە هەرێمی کوردستان و 11 سەنتەری دیکەی تایبەت بە پێدانی ڤاکسینی فایزەر دەکەنەوە.

وەزیری تەندروستی گوتی: "ئێستا پێدانی ڤاکسین بە هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان دوو بەرامبەر زیادیکردووە و هەفتانە 100 هەزار ژەم ڤاکسین دەگات، نزیکەی 20٪ی ئەو کەسانەی لە سەرووی 18 ساڵیەوەن ژەمی یەکەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە، و نزیکەی 13٪شیان ژەمی دووەمیان پێدراوە".

ئاشکراشی کرد: "11 سەنتەری دیکەی پێدانی ڤاکسینی فایزەر لە هەرێمی کوردستان دەکرێنەوە، کە زنجیرەی گواستنەوە و هەڵگرتنی جیاوازە و بە سەلاجەی تایبەتە کە دەبێ پلەی گەرمی 80- بێت".

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەمڕۆ رێکخراوی تەندروستی جیهانی بڕێکی دیکەی لە پێداویستییە پزیشکی و تەندروستییەکان پیشکەش بە هەرێمی کوردستان کرد، بۆ رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا. هاوکارییەکان بە بڕی 300 هەزار دۆلارە، لە ماوەی ساڵێکدا چوارەم جارە رێکخراوی تەندروستی جیهانی هاوکاریمان پێشکەش دەکات، کۆی هاکارییەکانیان لەو ماوەیەدا گەیشتووەتە نزیکەی چوار ملیۆن دۆلار".

وەزیری تەندروستی داواشی لە هاووڵاتییان بە گشتی و مامۆستایان بە تایبەتی کرد، بە مەبەستی خۆکوتان بە ڤاکسینی کۆرۆنا هەموویان رووبکەنە بنکەکانی تەندروستی .