له ههولێر ئهو زهویانه تاپۆ دهكرێن
k24 - هەولێر:
عهبدولواحید ئهحمهد، سهرۆكی شارهوانی ههولێر رایگهیاند، 60%ی زەوییەكانی قەرەبووی گوندی كۆری تاپۆیان تەواو بووە، لە هەفتەی داهاتوو تاپۆكانیان پێ دەدەینەوە و موژدەی ئەوەشیان پێ دەدەین كە رێگەپێدانی دروستكردنی خانوویان پێ دەدرێت.
راشیگهیاند، بۆ قەرەبووی گوندی كۆری، زیاتر لە چوار هەزار و 200 زەوی دابەش كراوە، كە زەوییەكانیش كارتن، پێشتر نەخشەیەك بۆ زەوییەكان هەبوو، كەموكوڕیی زۆری هەبوو، بە سەرپەرشتی وەزیری شارەوانی وسهرۆكایهتی شارەوانی ههولێر، لیژنەیەك پێك هات، ئەو لیژنەیە كێشەی زەوییەكانی چارەسەر كرد.
روونیكردهوه، دوای تهواوبوونی كارەكانی ئهو لیژنەیە، هاووڵاتییانی قەرەبووی گوندی كۆری بانگهێشت كران و لە نزیكەوە ئاشنابوون بە گۆڕانكارییەكان.
ئاماژهیپێكرد، پاش ئەو رێكارە، گشت بەراییەكانی ئەو زەوییانەمان رەوانەی تاپۆی عهنكاوە كرد، ئێستا چاوەڕێین تۆماری تاپۆی ئەو زەوییانە وەربگرینەوە، كە دووهەزار و 500 كارتە و كراونەتە تاپۆ، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو بانگەوازێك بكەین كە ئەو كەسانە سەردانمان بكەن بۆ وەرگرتنەوەی تاپۆكانیان، بۆ 40%ی كارتەكانی تریش، قەرەبووی جووتیارانی تێدایە، كه بۆ كشتوكاڵ نێردراوه، ئەوانیش دواتر بۆ تاپۆی دەنێرن لە ئاییندەیەكی نزیك تاپۆ دەكرێن.
سهرچاوه: سهرۆكایهتی شارهوانی ههولێر