به‌رهه‌م ساڵح: تا گه‌نده‌ڵی بنبڕ نه‌كرێت ره‌وشی عێراق چاك نابێت
K24 – هه‌ولێر:
به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، سه‌رۆكی كۆماری عێراقی ئیتیحادی له كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان به‌شداریكرد و وتاری عێراقی پێشكه‌شكرد، له وتاره‌كه‌یدا، سه‌رۆك كۆماری عێراق جه‌ختیكرده‌وه، تا گه‌نده‌ڵی ریشه‌كێش نه‌كرێت، ره‌وشی عێراق چاره‌سه‌ر نابێت و گوتیشی: پێویسته هاوپه‌یمانییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی بۆ گێڕانه‌وه‌ی سامانی دزراوی عێراق درووست بكرێت.
له وتاره‌كه‌یدا، سه‌رۆك كۆماری عێراق سه‌باره‌ت به ره‌وشی ته‌ندرووستی و په‌تای كۆرۆنا گوتی: ئێمه له عێراق سه‌رباری لاوازی ژێرخانی ته‌ندروستی كه به‌رئه‌نجامی جه‌نگ و وێرانكاریی چه‌نده‌ها ساڵی رابردووی وڵاته‌كه‌مانه، زۆر رێوشوێنی ته‌ندروستی پێویستمان بۆ زاڵبوون و كۆنتڕۆڵكردنی په‌تاكه گرتۆته‌به‌ر... توانیومانه توانای دامه‌زراوه حكومییه‌كان به‌رزتر بكه‌ینه‌وه له پێشكه‌شكردنی چاره‌سه‌ر و رێوشوێنه‌كانی خۆپارێزی بۆ هاووڵاتییان، وڵاته‌كه‌مان له پێشه‌نگی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه بووه كه ده‌ستپێشخه‌ری "كۆڤاكس" ی په‌سه‌ند كردووه له پێناو دابینكردنی فاکسین بۆ سه‌رجه‌م هاووڵاتییه‌كانی و هاووڵاتییانی بێگانه‌ی نیشته‌جێی سه‌ر خاكه‌كه‌ی.
گوتیشی: به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه له 40 ساڵی رابردوودا وڵاته‌كه‌مان تووشی گه‌لێك جه‌نگ و گه‌مارۆ و سته‌م و چه‌وساندنه‌وه بووه، گیرۆده‌ی كۆمه‌ڵكوژی و ئه‌نفال و گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كان و به‌كارهێهێنانی چه‌كی كیمیاوی له هه‌ڵه‌بجه و وشككردنی زۆرنگاوه‌كان و تیرۆر و تۆقاندن بووه‌ته‌وه.
سه‌رۆك كۆمار هه‌روه‌ها گوتی: هێزه چه‌كداره‌كانیشمان به وره و ئیراده‌یه‌كی پۆڵایینه‌وه رووبه‌ڕووی شانه تیرۆرستییه‌كانی داعش بوونه‌وه كه هه‌ڕه‌شه‌یان له ئاسایشی عێراق و ناوچه‌كه و جیهان ده‌كرد.. سه‌رباری هه‌موو ئه‌مانه‌ش، هێشتا ناتوانین مه‌ترسی تیرۆر نادیده بگرین، بێ هیچ دوودڵییه‌كیش ده‌توانم ئه‌وه بڵێم كه خه‌مساردی یان سه‌رقاڵ بوون به ململانێكانی ناوچه‌كه‌مان ده‌بنه درز و بۆشاییه‌كی گه‌وره بۆ دووباره سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و هێزه تاریك په‌رستانه كه هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جددی له ئاسایش و گه‌لانی ناوچه‌كه ده‌كه‌ن.
روونیشیكرده‌وه، بۆیه تاكه بژارده‌ی به‌رده‌ممان له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دیارده‌ی تیرۆری نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌و لایه‌نانه‌ی پشتیوانیان لێ ده‌كه‌ن و پاڵپشتی داراییان بۆ ده‌سته‌به‌ر ده‌كه‌ن، هاریكاری و هه‌ماهه‌نگی نێوانمانه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دیارده‌كه و كاریگه‌رییه مه‌ترسیداره‌كانی، زۆر پێویسته قه‌ره‌بووی قوربانیانی ده‌ستی تیرۆر بكه‌ینه‌وه و گه‌ره‌نتی ئه‌وه‌ش ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین كه ئه‌و مه‌رگه‌ساتانه دووباره نه‌بنه‌وه.
له به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح گوتی: ئێمه له تێپه‌ڕاندنی ئه‌و مه‌رگه‌ستانانه‌دا سه‌ركه‌وتوو بووین، توانیمان شاره‌كانمان له چنگی داعش تیرۆرست رزگار بكه‌ین و جیهانیش له شه‌ڕانگێزی ئه‌و هێزه تاریك په‌رسته بپارێزین، ئه‌مه‌ش به‌رئه‌نجامی خه‌بات و ماندووبوونی هێزه چه‌كداره‌كانمان بوو له سوپا و پۆلیس و حه‌شدی شه‌عبی و پێشمه‌رگه، هاوپه‌یمانی نیوده‌وڵه‌تی و وڵاتانی دراوسێ و ده‌وروبه‌ریشمان هاریكارمان بوون، مه‌ڕجه‌عیه‌تی باڵای ئاینیش له نه‌جه‌فی شه‌ریف رۆڵێكی گه‌وره و كاریگه‌ری له‌و پرسه چاره‌نووسسازه‌دا گێراوه به‌وه‌ی له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسیه‌دا هێزه‌كانی گه‌لی عێراقی یه‌كخست.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، له ئێستادا ئه‌ركی له‌پێشینه‌مان ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شاره رزگاركراوه‌كانی ژێر ده‌ستی داعش و گێرانه‌وه‌ی دانیشتوانی ئه‌و ناوچانه‌یه بۆ زێدی خۆیان، له‌م بواره‌دا سه‌ركه‌وتنی به‌رچاومان به‌ده‌ستهێناوه و چاویشمان له پاڵپشتی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تییه بۆ دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچه رزگاركراوانه، تاوەکو بتوانین پێداویستییه مرۆییه‌كانیان بۆ دابین بكه‌ین و ژێرخانی ئه‌و ناوچانه بنیاتبنێینه‌وه و ژیانێكی شكۆمه‌ندانه بۆ دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین.
سه‌باره‌ت به گه‌نده‌ڵی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌و كێشه‌یه له عێراقدا، گوتی: گه‌نده‌ڵی دیارده‌یه‌كی دیكه‌یه كه هه‌ڕه‌شه له ئاسایش و سه‌قامگیری جیهان ده‌كات، گه‌نده‌ڵی ژینگه له‌باره‌كه‌ی تیرۆر و توندوتیژییه.. وڵاته‌كه‌مان گیرۆده‌ی دیارده‌ی گه‌نده‌ڵییه، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌و جه‌نگ و ململانێی و توندوتیژییه‌یه كه به میرات بۆمان به‌جێماوه و زۆرێك له خێروبێری وڵاته‌كه‌مانی به‌فیڕۆ داوه و هاووڵاتییه‌كانیشی له سوودمه‌ندبوون له‌و خێروبێره بێبه‌ش كردووه.
هه‌روه‌ها گوتی: له‌م سۆنگه‌یه‌وه ده‌توانم بڵێم كه له‌مڕۆدا به‌گژداچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی بۆ عێراق جه‌نگێكی نیشتمانییه و تا له‌و جه‌نگه سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست نه‌هێنین دۆخی وڵاته‌كه‌مان باشتر نابێت.. بۆیه ده‌بێت سه‌رچاوه و ده‌روازه‌كانی گه‌نده‌ڵی سنووردار و بنبڕ بكه‌ین.. ئه‌و پاره و سامانانەش بگێڕینه‌وه كه به تاڵان براونه ده‌ره‌وه‌ی وڵات و به‌شێكی زۆری ئه‌و پاره‌یه‌ش بۆ به‌رده‌وامیدان به توندوتیژی و پشێوی له وڵاته‌كه‌ماندا خراوه‌نه‌ته‌گه‌ڕ.. بۆیه تاكه بژارده‌مان له‌و جه‌نگه‌دا ته‌نها سه‌ركه‌وتنه.
سه‌رۆك كۆماری عێراق له وتاره‌كه‌یدا داوایه‌كی ئاراسته‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كرد و گوتی: لێره‌وه داوا له دۆستانمان له كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌م یارمه‌تیمان بده‌ن له ئاشكراكردن و گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و پاره به‌تاڵانبراوانه‌ی براونه‌تە ده‌ره‌وه‌ی عێراق.. ئه‌م هه‌نگاوه‌ش یه‌كلاییكه‌ره‌وه ده‌بێت له به‌گژداچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیدا.. بۆیه دووباره داوا ده‌كه‌ین هاوپه‌یمانییه‌كی نێوده‌وڵه‌تی دژ به گه‌نده‌ڵی پیكبهێنرێت.. چونكه ته‌نها به كۆتاییهێنان به گه‌نده‌ڵی ده‌توانین به‌سه‌ر تیرۆردا سه‌ركه‌وین، به‌و پێیه‌ی گه‌نده‌ڵی و تیرۆر دوو رووی یه‌ك دراون و گرێدراوی یه‌كترن و خزمه‌تی یه‌كتر ده‌كه‌ن و به‌رده‌وامیش به یه‌كتر ده‌ده‌ت.
سه‌رۆكی كۆماری عێراق باسی له قه‌یرانی ژینگه‌یی كرد و له‌و باره‌یه‌وه گوتی: چاره‌نووسی گۆی زه‌وی له به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌دایه، گۆڕانی كه‌شوهه‌وا هه‌ڕه‌شه له ئاینده‌ی نه‌وه‌كانمان ده‌كات... له‌وانه‌یه له رووی سیاسییه‌وه كۆك و ته‌با نه‌بین، به‌ڵام له به‌رامبه‌ر گۆڕانی كه‌شوهه‌ودا كه هه‌ڕه‌شه له هه‌موومان ده‌كات، ده‌بێت یه‌كده‌ست و یه‌كده‌نگ بین.
گوتیشی: به گوێره‌ی راپۆرتی شه‌شه‌می پێشبینییه‌كانی ژینگه‌ی جیهانی ناوچه‌ی خۆرئاوای ئاسیا، له‌مڕۆدا وڵاته‌كه‌مان رووبه‌ڕووی دۆخێكی سه‌ختی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا ده‌بێته‌وه وه‌ك به بیابان بوون و كه‌می ده‌رامه‌ته ئاوییه‌كان كه عێراقیان كردۆته یه‌كێك له لاوازترین ئه‌و پێنج ده‌وڵه‌ته‌ی گیرۆده‌ی گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وان.
باسی له‌وه‌شكرد، عێراق له ساڵی 1992 رێككه‌وتننامه‌ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانی بۆ گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و رێككه‌وتننامه‌ی پاریسی ساڵی 2015 ی په‌سه‌ند كردووه، له ئێستادا كار له‌سه‌ر ستراتیژێك ده‌كه‌ین كه ئامانجی پاراستنی ژینگه و هێنانه‌دی ئامانجه‌كانی په‌ره‌پێدانی به‌رده‌وامه تا ساڵی 2030، له‌و پێناوه‌دا به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی نیشتمانیمان بۆ وه‌رچه‌رخاندن و جێگیركردنی ئابوورییه‌كی سه‌وزپۆش گه‌ڵاڵه كردووه كه ده‌توانێت هه‌لی وه‌به‌رهێنانی تازه له عێراق بڕه‌خسێنێت و ده‌سته‌به‌ری به‌شدارییه‌كی كاراتری كه‌رتی تایبه‌ت ده‌كات له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وادا.
له باره‌ی رۆڵ و پێگه‌ی عێراق له ناوچه‌كه و قه‌یرانه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، سه‌رۆك كۆمار گوتی: عێراق كه‌وتووه‌ته نێو جه‌رگه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه كه به‌ده‌ست جه‌نگ و ململانێی سه‌خته‌وه ده‌ناڵێنێت، هۆكاره‌كه‌ش داڕمانی سیسته‌می ئه‌منی و سیاسییه له ماوه‌ی 40 ساڵی رابردوودا، لاته‌ریكبوونی عێراق له‌و ماوه‌یه‌دا كه به رۆڵی سرووشتی خۆی هه‌ستێت، یه‌كێكه له هۆكاره‌كانی له‌ده‌ستدانی سه‌قامگیری هه‌رێمی له ناوچه‌كه‌دا.
هه‌روه‌ها گوتی: له سایه‌ی ئه‌م هه‌لومه‌جه‌دا، عێراق سیاسه‌تێكی هاوسه‌نگی گرتۆته‌به‌ر له‌وه‌ی پشتیوانی له گفتوگۆ و خاوكردنه‌وه‌ی بارگرژییه‌كان و بنیاتنان له‌سه‌ر خاڵه هاوبه‌شه‌كان ده‌كات.. بۆیه پێداگرین له‌وه‌ی ناوچه‌كه پێویستی به كۆسیسته‌مێكی نوێ هه‌یه كه له‌سه‌ر هاریكاری و هه‌ماهه‌نگی ئابووری نێوان ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه و به‌شداریكردنی كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی به‌ند بێت، كۆسیسته‌مێك بتوانێت به‌ره‌نگاری ئاڵینگارییه هاوبه‌شه‌كانی وه‌ك تیرۆر و توندڕه‌ووی و گۆرانكارییه ئابووری و نه‌بوونی هه‌لی كار بۆ گه‌نج و لاوه‌كانمان و لێكه‌وته مه‌ترسیداره‌كانی گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا ببێته‌وه.
له درێژه‌ی وتاره‌كه‌یدا، به‌رهه‌م ساڵح، باسی له تێڕوانینی عێراق و هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی بۆ كێشه هه‌نووكه‌ییه‌كانی ناوچه‌كه به تایبه‌تی قه‌یرانی سووریا و فه‌له‌ستین و یه‌مه‌ن كرد و گوتی: پێویسته ئاماژه به‌وه‌ش بده‌م كه به‌رده‌وامی ته‌نگژه‌ی سوریا و لێكه‌وته مرۆییه مه‌ترسیداره‌كانی بۆ سه‌ر گه‌لی سوریا چی دیكه مایه‌ی قبوڵكردن نییه، نابێت ئه‌وه‌ش فه‌رامۆش بكه‌ین كه ژینگه مه‌ترسیداره‌كه‌ی تیرۆر به به‌رده‌وامی له هه‌ڵكشان دایه، به‌رده‌وامیدانیش به‌و ته‌نگژه، ته‌مه‌نی تیرۆر درێژتر ده‌كاته‌وه و هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر وڵاته‌كه‌مان و ته‌واوی ناوچه‌كه... كاتی ئه‌وه هاتووه هه‌نگاوی جددی بنێین بۆ كۆتاییهێنان و به ئێش و ئازاری سورییه‌كان، هه‌نگاوێك ڕێز له مافی ئه‌و گه‌له بگرێت له ده‌سته‌به‌ركردنی ئاشتی و ئازادی و ژینگه‌ی تیرۆر و توندوتیژیش ریشه‌كێش بكات.
هه‌روه‌ها گوتی: هه‌ر له‌م سه‌كۆیه‌وه هه‌ڵوێستی عێراق دووپات ده‌كه‌مه‌وه له‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی دادپه‌روه‌رانه‌ی ته‌واو بۆ كێشه‌ی فه‌ڵه‌ستین بدۆزرێته‌وه، چونكه بێ شادبوونی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین به ته‌واوی مافه ره‌واكانی له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ، ئاشتی و سه‌قامگیری له ناوچه‌كه‌دا به‌رقه‌رار نابێت.
سه‌باره‌ت به قه‌یرانی یه‌مه‌نیش گوتی: جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كه‌ینه‌وه كه به‌رده‌وامبوونی جه‌نگی یه‌مه‌ن و لێكه‌وته ئه‌منی و مرۆییه‌كانی، مایه نیگه‌رانییه و پێویستی به چاره‌سه‌ره، چاره‌سه‌رێك ئاشتی و ئاسایش بۆ ئه‌و وڵاته و ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌كه ده‌سته‌به‌ر بكات.
له به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، سه‌رۆك كۆماری عێراق، به زمانی كوردی قسه‌ی كرد و گوتی: "له‌م سه‌كۆیه‌وه سڵاوم بۆ هاووڵاتیانی ئازیز، هیوادارم به هاوكاری و به یه‌كڕیزی رووبه‌ڕووی ئه‌ركه‌كانی ئه‌م قۆناغه ببینه‌وه بۆ چه‌سپاندنی ئازادی و دادپه‌روه‌ری و ریشه‌كێشكردنی توندڕه‌وی و جیاكاری و پاراستنی ئاشتی و پێكه‌وه ژیان".