كه‌ركووك: ئۆپه‌راسیۆنێكی سه‌ربازی دژی داعش ئه‌نجامدرا
K24 – هه‌ولێر:
شانه‌ی راگه‌یاندنی ئه‌منی له عێراق، رایگه‌یاند، ئاژانسی هه‌واڵگری عێراق، به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كان، چالاكییه‌كی سه‌ربازیان له زنجیره چیای حه‌مرین، دژی چه‌كدارانی داعش ئه‌نجامداوه.
راشیگه‌یاند، ئه‌م گورزه سه‌ربازییه، ته‌واوكردنی چالاكییه‌كانی پێشووه، كه ئاژانسی هه‌واڵگری حكومه‌تی عێراقی، به هاوبه‌شی ژووره ئۆپه‌راسیۆنه‌كان و هێزی ئاسمانی، بۆ سه‌ر پێگه و بنه‌كه‌كانی داعش له زنجیره چیای حه‌مرین، ئه‌نجامیاندا.
روونیكرده‌وه، ئه‌و بنكانه وه‌ك سه‌رچاوه‌ی هێرشه‌كانی داعش له كه‌ركووك به‌كار ده‌هێنران، كه به پشتبه‌ستن و هاوكاری زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كان، ئه‌نجامدرا.
ئاماژه‌یپێكرد، دوای هێرشه ئاسمانییه‌كه، رووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ چه‌كداره‌كانی دیكه دروستبوو، بووه هۆی كوژرانی چه‌كدارێك و خۆته‌قاندنه‌وه‌ی یه‌كێكی دیكه، كه كۆی گشتی كوژراوان له‌م چالاكییه‌دا گه‌یشته (7) كه‌س، هێشتا پشكنین و راوه‌دوونانیان له‌و ناوچه‌یه به‌رده‌وامه.
جه‌ختیكرده‌وه، وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق به‌رده‌وام ده‌بێت له ئه‌نجامدانی گورزی سه‌ربازی دژی پێگه و بنه‌كانی داعش، كه به‌هاوكاری فڕۆكه‌كانی هاوپه‌یمانی زنجیره چیای حه‌مرین هه‌وڵ ده‌درێت پاك بكرێته‌وه.
ساڵی 2017ـه‌وه كاتێك عێراق سه‌ركه‌وتنی به‌سه‌ر چه‌كدارانی داعش راگه‌یاند، ئه‌و گرووپه تا ئێستا خه‌ریكی خۆ كۆكردنه‌وه و رێكخستنه‌وه‌ی چه‌كداره‌كانییه‌تی، وێڕای ئه‌وه‌ی كه ناوه ناوه هێرش ده‌كاته سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراقی.
له ده‌وروبه‌ری به‌غداش داعش خه‌ریكی خۆ پڕچه‌ككردن بوون، به‌تایبه‌ت له قه‌زای تاڕمییه، حكومه‌تی عێراقی له ئۆپه‌راسیۆنه‌كی سه‌ربازی ئه‌و ناوچه‌ی له‌داعش پاك كرده‌وه.
ئه‌مه‌ریكا له‌باره‌ی زانیارییه هه‌واڵگرییه‌كانه‌وه هاوكاری حكومه‌تی عێراق ده‌كات، وێڕای به‌شداریان له وه‌شاندنی گورزی سه‌ربازی بۆ سه‌ر بنكه و پێگه سه‌ربازییه‌كانی داعش، له‌به‌رامبه‌ردا سنووری نێوانی عێراق و سووریا هێشتا له‌به‌ر ده‌م چه‌كدارانی داعش كراوه‌یه و هام و شۆ ده‌كه‌ن، كه دوێنێ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئه‌وه‌ی راگه‌یاند، ناسه‌قامگیری دۆخی سووریا كاریگه‌ری راسته‌وخۆی بۆ سه‌ر عێراق هه‌یه.
سه‌رچاوه: شه‌رق ئه‌وسه‌ت