بلینكن: جیهان له‌ فشارخستنه‌ سه‌ر تاڵیبان یه‌كگرتووه‌

"هاوڕاین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی فشاره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر تاڵیبان به‌رده‌وام بێت"
ئه‌نتۆنی بلنكن
ئه‌نتۆنی بلنكن

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، "ئه‌نتۆنی بلینكن" رایگه‌یاند، له‌و بڕوایه‌داین، جیهان له‌ فشارخستنه‌ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان یه‌كگرتووه‌. گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی رووسیا، پاكستان و چینیش له‌و باره‌یه‌وه‌ كردووه.‌

له‌ په‌راوێزی كاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، دوێنێ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ "شا مه‌حموود قوڕه‌یشی" وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی پاكستان كۆبووه‌وه‌. هه‌روه‌ها چوارشه‌ممه‌ی رابردوو له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی وڵاتانی ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی به‌ تایبه‌تی رووسیا و چین له‌ باره‌ی پرسی ئه‌فغانستانه‌وه‌ گفتوگۆی كرد.

له‌و باره‌یه‌وه‌ "بلینكن" به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند، یه‌كێتییه‌كی پته‌و له‌ رێباز و ئامانجمان هه‌یه‌ و هاوڕاین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی فشاره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر تاڵیبان به‌رده‌وام بێت.

روونیشیكرده‌وه‌، بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان خواستی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌ روویدا بكرێته‌وه‌، ئه‌و كرانه‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌ش په‌یوه‌سته‌ به‌ مامه‌ڵه‌ و ئه‌و رێككارانه‌ی بزووتنه‌وه‌كه‌ ده‌یانگرێته‌ به‌ر.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا جه‌ختیكرده‌وه‌، تاڵیبان رێگه‌ی داوه‌ ئه‌مه‌ریكایی و بیانییه‌كان بێ كێشه‌ و مه‌ترسی ئه‌فغانستان به‌جێبهێڵن و پێشینه‌ی جێبایه‌خی ئه‌مه‌ریكاش ئه‌وه‌یه‌، بزووتنه‌وه‌كه‌ رێز له‌ جووڵانه‌وه‌ی مافه‌كانی ژنان بگرێت و رێگه‌ نه‌دات خاكی ئه‌فغانستان ببێته‌ مۆڵگه‌ بۆ چه‌كداره‌ توندڕه‌وه‌كانی وه‌ك "قاعیده.‌"

سه‌رچاوه‌: فرانس پرێس