له‌ماوه‌ی 9 مانگدا زۆرترین گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌ولێریان كردووه
K24- هه‌ولێر:
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر تایبه‌ت به كوردستان24، ئاماری 9 مانگی رابردووی ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی راگه‌یاند، كه سه‌ردانی پارێزگای هه‌ولێر و هاوینه‌هه‌واره‌كانی سنووری ئه‌و پارێزگایه‌یان كردووه.
له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان24، ئیسماعیل مینه‌خان، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر ئاشكرایكرد، له ماوه‌ی 9 مانگی رابردوودا ملیۆنێك و 723 هه‌زار و 188 گه‌شتیار سه‌ردانی پارێزگای هه‌ولێر و هاوینه‌هه‌واره‌كانی سنووری ئه‌و پارێزگایه‌یان كردووه.
هه‌روه‌ها گوتی: وێڕای هه‌بوونی رێكاره ته‌ندروستییه‌كان و داخستنی بازگه و ده‌روازه‌كانی نێوان پارێزگاكان بۆ زیاتر له جارێك، به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانی خۆپارێزی و رێگریكردن له ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی زیاتری ڤایرۆسی كۆرۆنا، به‌ڵام كه‌رتی گه‌شتیاری بووژانه‌وه‌یه‌كی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینیوه.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی گه‌شتوگوزاری هه‌ولێر هۆكاری ئه‌مه‌شی بۆ ئه‌و گرنگیپێدانه تایبه‌ته گه‌ڕانده‌وه، كه كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به كه‌رتی گه‌شتیاریی ده‌دات، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی بوونی چەندین پرۆژەی گەشتیاریی هاوچەرخ لە هەولێر و سروشتی جوانی شارەکە و جوانیی هاوینەهەوارەکانی و سەقامگیری و ئارامی و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاریی باش به گه‌شتیاران و پێشوازیكردنیان به شێوه‌یه‌كی باش له ده‌روازه‌كان.
جه‌ختیشی كرده‌وه، ژمارەی گەشتیاران بەردەوام لە زیادبووندایە و سه‌رجه‌م گه‌شتیارانی 9 مانگی رابردووش، لە رێگه‌ی بازگه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی هه‌ولێره‌وه، سه‌ردانی شاری هەولێریان كردووه.
گوتیشی: به به‌راورد به هه‌مان ماوه‌ی ساڵانی رابردوو، ژماره‌ی ئه‌و گه‌شتیارانه‌ی سه‌ردانی هه‌ولێریان كردووه، زۆر زیادیانكردووه.
H.B