ئەردۆغان: ئەمەریکا پشتگیری رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکات

"رژێمی سووریا بووەتە هەڕەشە لەسەر تورکیا"
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا - فۆتۆ: aa
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا - فۆتۆ: aa

K24 – هەولێر

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت، ئەمەریکا پشتگیری رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکات و رژێمی سووریاش بووەتە هەڕەشە لەسەر باشووری تورکیا.

ئەردۆغان، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا لە ئیستانبوڵ گوتی: "ئەمەریکا ئێستا زۆر زیاتر لەوەی چاوەڕێ دەکرا پشتگیری رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکات. پێویستە وەک دوو وڵاتی ئەندامی ناتۆ پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمەریکا لە ئاستێکی زۆر جیاوازدابن".

لەبارەی رەوشی سووریا سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند: "بەداخەوە رژێمی سووریا بووەتە هەڕەشە لەسەر باشووری وڵاتەکەمان".

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و مۆسکۆ، ئەردۆغان گوتی: "چاوەڕوانی من لە پووتین زۆر جیاوازترە، چونکە رژێمی سووریا بووەتە هەڕەشە لەسەر باشووری وڵاتەکەمان. لەگەڵ رووسیا کە دیالۆگ لە نێوانماندا هەیە، جیاوازە. پێویستە ئەو بەرەنگاربوونەوەیە بەیەکەوە لە سنوورەکانی باشووری تورکیا ئەنجام بدەین".

ئەمە لەکاتێکیدایە دوو رۆژ لەمەوبەر فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سووریا لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نۆڤۆستی رووسی ئاماژەی بەوەکردووە، ئێستا کاتی ئەوەیە تورکیا هێزەکانی بەپەلە لە خاکی سووریا بکشێنێتەوە و داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە لە کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ناوچەکان هاوکاری دیمەشق بکەن.

وەزیری دەرەوەی سووریا، هۆکاری سەرهەڵدانەوەی شەڕی لە ئیدلب، بۆ بوونی هێزەکانی تورکیا و پشتگیریکردنی لە گرووپە چەکدارەکان گەڕاندووەتەوە.