چوار ساڵ بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی تێدەپەڕێت

دوای ریفراندۆم پارتی بەهێزتر بووە

K24 - هەولێر

دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر، ژمارەیەک لایەنی سیاسی چاوەڕێی کەوتنی ئەو هێزانە بوون لەو هەڵبژاردنانەی دوای ریفراندۆم بەڕێوەچوون، بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام ئەو حزبە لە هەڵبژاردنەکان زۆرینەی کورسی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراقی لەسەر ئاستی کوردستان بەدەستهێنا و بووە یەکەم حزبی سەر ئاستی عێراق.

ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە 25/9/2017، ئەنجامدرا و 93٪ی خەڵكی کوردستان گوتیان بەڵێ بۆ سەربەخۆیی.

عەلی حوسێن، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان24ی رایگەیاند: "میللەتی کورد نەک لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو لە هەموو پارچەکانی کوردستان بەدوای پەیامی نەتەوەیی و نیشتمانین، پارتی دیموکراتی کوردستان بە هەڵگری ئەو پەیامە دەزانن، سەرۆک بارزانی خاوەنی ئەو پەیامەیە و لە هەموو شوێنێک ئەو پەیامە متمانەی لای کورد دروستکردووە، بۆیەشە لە دوای ریفراندۆم پارتی بەهێزتر بووە، چونکە خەڵک پێیوایە پارتی و سەرۆک بارزانی بەدیهێنەری ئاوات و ئامانجەکانی میللەتی کوردە".

بەشێک لەو لایەنە سیاسییانەی ئەوکات پاڵپشتی سەرخستنی ریفراندۆمیان کرد، دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر لە هەڵوێستەکانی خۆیان پاشەکشەیان کرد، بەڵام ژمارەیەک لایەنی سیاسی  بەهەمان هەڵوێستەوە وەک خۆیان مانەوە و ئێستا شانازی پێوە دەکەن.

کاوە مەحموود، سکرتێری حزبی شیوعی کوردستان دەڵێ: "هەر تێکۆشانێک لە بواری بابەتی نیشتمانییە بە دەستکەوتی دەزانین، ئێمە قوربانییەکانیش بە دەستکەوت دەزانین، چونکە لەپێناو بابەتێکی پڕشەنگدار و رەوا بووە، ئەم کاروانە بەردەوام دەبێت و ریفراندۆم وێستگەیەکی کاروانەکەیە".

گوتیشی: "دەبێ ئێمە باوەڕمان بە گەلەکەی خۆمان هەبێت، ئەم گەلە بەرگری کردووە و بەردەوامە، هەموو ئەو دەنگە نەشازانەی کە دژی بەرگری گەلی کوردستانن لە دواییدا کۆتاییان پێدێت، ئەوەی دەمێنێتەوە گەلە و خۆی خاوەنی ئەو بڕیارەیە".

25ی ئەیلوولی 2017 بە رابەرایەتی سەرۆک بارزانی، گەلی کوردستان ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدا و 93٪ی دەنگیان بە بەڵێ دا، ئەگەرچی رووداوەکانی دواتر، سەربەخۆیی گەلی کوردستانیان دواخست، بەڵام ئەو داخوازییە تا ئێستا لە دڵ و دەروونی هەموو کوردێکی سەربەخۆخواز ماوەتەوە.