ئێران جارێکی دیکە هەڕەشە لە حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات

ئێران: پەنا دەبەینە بەر هێرشکردن
سوپای پاسداران - ئەرشیف
سوپای پاسداران - ئەرشیف

K24 - هەولێر

باڵیوزی ئێران لە عێراق رایگەیاند، ئەگەر بەغدا و هەولێر رێگری نەکەن لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی وڵاتەکەی، تاران ناچارە هێرش بکات و دەڵێ، ئەوان دژی هەر کردەوەیەکن کە مەبەستیان لاوازکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بێت.

ئیرەج مەسجدی، باڵیوزی ئێران لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ ئاژانسی فەرمی عێراق رایگەیاند "بەردەوام داوامان لە بەغدا و هەولێر کردووە، کە هێرشی گرووپەکانی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران رابگرن، بەڵام بەداخەوە ئەم گرووپانە بەردەوام سنوور دەبەزێنن، بۆیە دەبێ ئەم کارانە رابگیرێن گەرنا ئێمە پەنا دەبەینە بەر هێرشکردن".

گوتیشی: "ئێمە هەرگیز لەگەڵ ئەوە نین کە زیان بەر هەرێمی کوردستان بکەوێت، داواش لە بەرپرسانی بەغدا و هەولێر دەکەم چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزنەوە".

لەبارەی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەکانی بەغدا و هەولێر و هێزەکانی هاوپەیمان ئیرەج مەسجدی، ئاماژەی دەکات کە وڵاتەکەی رێز لە سەروەری عێراق دەگرێت و دژی هەر کردەوەیەکە کە ئامانجی لاوازکردنی حکومەتی عێراق بێت، بەهەمان شێوەش بۆ هەرێمی کوردستانیش کە هەڵوێستمان دیارە لەم بارەیەوە.

باڵیوزی ئێران ئاشکرای دەکات، پەیوەندی و هاوکاری لە نێوان وەزارەتی بەرگری وڵاتەکەی و وەزارەتی بەرگری عێراق هەیە و بەردەوامیش دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر چەند فەرماندە و بەرپرسێکی سەربازیی ئێران لەو بارەوە هەڕەشەیان کردووە و دوای هەڕەشەکانیش چەند هێرشێکی ئاسمانیان لە ناوچە سنوورییەکان ئەنجامداوە.