ئه‌و شه‌ڕه‌ی پێویسته له‌به‌غدا بكرێت
هێشتا چەندین مادده‌ی ده‌ستووری عێراق هه‌یه كه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیان به هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه و تائێستا جێبه‌جێ نه‌كراون، ئه‌مجاره ئه‌وه‌ی گرنگه كوردستان به پاكێجێكی یه‌كگرتووه‌وه بچێته به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وله‌ویه‌تی سه‌ره‌كیان جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرسه ده‌ستوورییانه‌بێت كه گرفتن له‌به‌رده‌م هه‌ولێر و به‌غدا.
له ماوه‌ی رابردوو، واته چوار خولی رابردووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، نه‌توانراوه پرسی یاسای نه‌وت و گاز له‌په‌رله‌مانی عێراق په‌سه‌ند بكرێت، ئه‌مه جیا له‌وه‌ش پرسی (پێشمه‌رگه، مادده‌ی 140، بابه‌تی سامانی سرووشتی، سنووره‌كان، ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌كان، پێناسه‌ی دروست بۆ فیدرالیه‌ت، دابه‌شكاری پۆسته سیاسییه‌كان، ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، پرسی سه‌رژمێری)، ئه‌مانه زۆرێكی دیكه‌ی له به‌غدا هۆكاربوون بۆ ئه‌وه‌ی گرفت له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه، ئێستا ده‌رفه‌تێكی گونجاوه بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی كوردستان له‌سه‌ر مافه ده‌ستوورییه‌كان ببردرێته‌وه سه‌ر گۆڕه‌پانی به‌غدا، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه.
یه‌كه‌م: هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ده‌رفه‌ته له‌به‌رده‌م سه‌رجه‌م هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان خۆیان كۆبكه‌نه‌وه و به به‌رنامه‌یه‌كی پته‌و بچنه به‌غدا و سه‌رجه‌میان له چوارچێوه‌یه‌كی ستراتیژیه‌تێكی گرنگ كار له‌سه‌ر مافه ده‌ستوورییه‌كانی كوردستان بكه‌ن.
دووه‌م: به‌غدا لاپه‌ره‌یه‌كی نوێی سیاسی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ته‌وه و سه‌ركردایه‌تی سیاسی عێراق گه‌یشتوونه‌ته ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت ئیداره‌یه‌كی باشی عێراق بكه‌ن، ده‌بێت له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان گرفته‌كانیان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، هاتنی نووری مالیكی و حه‌یده‌ر عه‌بادی و فالح فه‌یاز و ئه‌یاد عه‌لاوی بۆ لای سه‌رۆك بارزانی، باشترین به‌ڵگه‌ن بۆ ئه‌و لاپه‌ڕه نوێیه.
سێیه‌م: تاكتیك بۆ كوردستان له به‌غدا گرنگه، ناوماڵی شیعه بریتین له كوتله گه‌وره‌كانی وه‌ك (ره‌وتی سه‌در، فه‌تح، ده‌وڵه‌تی یاسا به سه‌رۆكایه‌تی نووری مالیكی و لیستی نه‌سر به سه‌رۆكایه‌تی حه‌یده‌ر عه‌بادی و ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی به سه‌رۆكایه‌تی عه‌ممار حه‌كیم)، ئه‌مانه ده‌سه‌ڵاتی باڵای شیعه‌ن له ئاستی سیاسی و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیش، گرنگه لێگه‌یشتنی هاوبه‌ش و گفتوگۆی به‌رده‌وامیان له‌گه‌ڵ بكرێت بۆ دروستكردنی كوتله‌یه‌ك یان هاوپه‌یمانیه‌كی هاوبه‌ش تا سه‌رجه‌م پرۆژه یاساكان و بابه‌ته گرنگه‌كان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به ئاسانی تێپه‌ڕببێت، ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی سیاسی باڵای شیعه رێككه‌وتن بكرێت، تووشی ئه‌و گرفته نابین كه له‌خولی رابردوو په‌رله‌مانتاره‌كانیان له شوێنی سه‌ركردایه‌تیه‌كانیان بڕیاریان ده‌دا.
چواره‌م: كورد ده‌بێت پێداگیری له‌سه‌ر ماده 65ی ده‌ستووری عێراق بكات كه پرسی ئه‌نجومه‌نی فدیرالی تێدا باس كردووه ئه‌م ئه‌نجومه‌نه زۆر گرنگه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بریارانه‌ی كه له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورد نییه ڤیتۆیان له‌سه‌ر دابنرێت و دووباره نه‌بنه‌وه به‌داخه‌وه تائێستا كار له‌سه‌ر دروستكردنی ئه‌و ئه‌نجومه‌نه نه‌كرا، ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نه‌كه هه‌بوایه زۆر بڕیار هه‌بوون له دژی گه‌لی كوردستان سه‌پێنران، ئه‌وه نه‌ده‌توانرا به‌بێ كورد بۆیان بچێته سه‌ر، بۆیه كورد شه‌ڕی هه‌ره گه‌وره‌ی ده‌بێت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی ئه‌و خاڵه‌ی ده‌ستوور بێت.
ئەم چوار پرسه گرنگن بۆ ئه‌وه‌ی شیمانه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه له خولی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، هه‌رێمی كوردستان ده‌توانێت یارییه‌كی جوان بكات، جگه له پرسی ده‌ستووری و یاساییه‌كان زۆر پۆستی گرنگ هه‌یه له‌به‌غدا هه‌رێمی كوردستان گرنگه كه‌سانی شیاویان بۆ پڕبكاته‌وه، مادام بڕیاره ستراتیژیه‌تی خۆمان ببه‌ینه به‌غدا، ده‌بێت له‌وێوه شه‌ڕ له‌سه‌ر مافه ده‌ستوورییه‌كانی خۆمان بكه‌ین، بۆ په‌رله‌مانتاره‌كانی ئێمه‌ش له‌به‌غدا ئه‌وه گرنگه كه پرسه ناكۆكه‌كان به‌شێوه‌ی كۆنكرێتی چاره‌سه‌ر بكرێن، ئه‌مه‌ش به‌یه‌كده‌ستی و یه‌كده‌نگی ده‌بێت له چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش، ئومێد زۆره، بۆ ئه‌وه‌ی له‌م قۆناغه كوردستان ده‌رچه‌ی قه‌یرانه‌كانی بدۆزێته‌وه، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی وڵاتانی جیهان له‌وانه (فه‌ره‌نسا، به‌ریتانیا، ئو‌ردن، ئه‌مه‌ریكا، چین و رووسیا) بڕیاریان داوه كه په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ كوردستان زیاتر بكه‌ن و پرسی ئابووری و وه‌به‌رهێنان و بازرگانی له‌گه‌ڵ كوردستان بكه‌ن، ئه‌مانه ده‌رفه‌تی زێڕینن ناكرێت له‌ده‌ست بدرێن، بۆ ئه‌وه‌ی هانی كۆمپانیا جیهانیه‌كان بدرێت بێنه كوردستان كار بكه‌ن، ده‌بێت زه‌مینه‌سازی له‌بار له كوردستان دروست بكرێت و هه‌وڵ بدرێت ئه‌و رێگریه یاسایی و ده‌ستووریانه‌ی له‌به‌غداوه بۆ ده‌سه‌ڵاته‌كانی كوردستان دانراوه لاببرێن، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت هه‌وڵ بدرێت خاڵی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ به‌غدا بدۆزرێته‌وه به‌تایبه‌ت له بواری بازرگانی.
هه‌رێمی كوردستان ده‌رچه‌یه‌كی زۆر باشه بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق كه له‌رێگای كوردستانه‌وه كاڵا له ده‌ره‌وه‌ی عێراق بهێنرێته ژووره و له كوردستانه‌وه ره‌وانه‌ی ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق بكرێت، ئومێد زۆره بازاڕی ئه‌وروپا له هه‌رێمی كوردستان بره‌وی پێبدرێت، له‌سه‌ردانی سه‌رۆكی حكومه‌ت بۆ برۆكسل بڕیار درا كۆمسیۆنێكی هاوبه‌شی بازرگانی ئه‌وروپی و كوردستانی دروست بكرێت، بۆ قۆناغی داهاتووی كوردستان كه ئه‌گه‌ر بیه‌وێت پێگه و شوێنی به‌هێزتربێت له به‌غدا، باشترین ده‌رفه‌ت ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئابووری خۆمان له‌سایه‌ی چاره‌سه‌ری گرفته‌كان به‌هێزتر ببێت، له‌هه‌مووی گرنگتر ده‌بێت هه‌ولێر و به‌غدا سه‌رجه‌م لیژنه هاوبه‌شه‌كان له‌نێوانیان كارابكه‌ن و هه‌وڵبدرێت به‌زووترین كات بچنه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، ئه‌و لیژنانه له ماوه‌ی چه‌ندین سه‌ردانی شاندی كوردستان بۆ به‌غدا دروستكراون، به‌ڵام كاره‌كانیان به سستی به‌رێوه‌ده‌چێت، كه گرنگترینیان لیژنه‌ی تایبه‌ت به‌پرسی نه‌وت و گاز له‌نێوان وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و سامانه سروشتییه‌كان به‌تایبه‌ت ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندیان به لایه‌نی هونه‌ریه‌وه هه‌یه، له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوو لێگه‌یشتنی باش هه‌بوو له‌نێوان هه‌ردوو وه‌زیری نه‌وتی عێراق و سامانه سرووستییه‌كان بۆ هه‌نارده‌كردنی به‌نزین بۆ كوردستان، ده‌كرێت ئه‌م هاوبه‌شییه فراوانتر بكرێت له چوارچێوه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و گرفتانه‌ی كه له‌نێوانیان هه‌بووه وه‌ك پرسی هه‌نارده‌ی نه‌وت به‌رانبه‌ر به بودجه‌ی به‌غدا و پرسی ده‌سه‌ڵاته‌كانی كوردستان له فرۆشتنی نه‌وت و گرێبه‌ستی كۆمپانیاكان چاره‌سه‌ر بكرێت.
دەرچەی چارەسەری گرفتەکان یاسای نەوت و گازە، گرنگە لەم خولەی پەرلەمان ئەو یاسایە تێپەڕێنرێت، کە بەداخەوە لەخولەکانی رابردوو نەتوانراوە پەسەند بکرێت، جیا له‌وه‌ش لیژنه‌ی قانوونی كه بڕیاربوو پێداچوونه‌وه به ده‌ستووری عێراق بكات، زۆر گرنگه كورد له‌م لیژنه كه‌سانی خاوه‌ن ئه‌زموون و شاره‌زای یاساییان هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی مافی كورد له ده‌ستووری عێراقدا پێشێل نه‌كرێت و هیچ بڕگه‌یه‌كی له ده‌ستوور كه په‌یوه‌ندی به كوردستانه‌وه هه‌بێت، ده‌ستكاری نه‌كرێت، له‌گه‌ڵ لێژنه‌ی دارایی كه گرنگه سه‌رجه‌م گرفته دارییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
* جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ی سامانی سروشتی له‌په‌رله‌مانی كوردستان