"ریفراندۆم له ئهنجامی جێبەجێنەکردنی دەستووری عێراق بڕیاری لهسهردرا"
K24 - سلێمانی:
ئەنجامدانی ریفراندۆم لەلایەن گەلی کوردستانەوە بڕیارێکی ھەر وا ئاسان نەبوو، بەڵکو چەند ھۆکارێک وایان کرد گەلی کورد ئەو بڕیارە بدات و لەسەدا 93ی دەنگدەرانی دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستاندا، چاودێرانی دۆخی سیاسی عێراق ھۆکاری سەرەکی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ جێبەجێنەکردنی دەستووری عێراق لەلایەن بەشێکی زۆر لەلایەنە عێراقییەکان دەگەڕێننەوە.
لە دوای رووخانی رژێمی بەعس کورد ھیوای بە عێراقی نوێ زۆر بوو، بەڵام ھیواکانی کورد لە گۆڕ نران و ئەو دەستوورەی لە ساڵی 2005 دانرا، لەلایەن حکومەتەکانی عێراقەوە بەرامبەر بە کورد پێشێل دەکرا، بۆیە گەلی کورد لە 25ی ئهیلوولی 2017 بڕیارە مێژوییەکەی دا و ریفراندۆمی کرد، ئازاد دۆسکی، پسپۆڕی دەستوور پێی وایە جێبەجێنەکردنی دەستوور وایکرد کورد بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم بدات.
عێراقی نوێ لەسەر بنەماکانی ھاوبەشی و سازان و رێکكەوتن بینات نرا، بەڵام لە بەرامبەر کوردا ھیچ یەکێک لەو بنەمایانە جێبەجێ نەکرا، ئێستاشی لەسەر بێت بەغدا کار بەو بنەمایانە ناکات، کە عێراقی لەسەر بینات نراوە، لە دوای ریفراندۆمی ساڵی 2017 پێشێلکارییە دەستوورییەکان ئەگەر زیادی نەکردبێت، کەمی نەکردووە.
بژار تەھا، چاودێری سیاسی گوتی: "ئێمه نهتهوهیهكی رهسهنی ناوچهكه و له ناوچهیهكی دیكهوه نههاتووین، بۆیه ئهو ناحهقییانهی بهرامبهر كورد كراوه، له جینۆسایدكردن و تهرحیل كردن و تهعریبكردن، لهلایهن رژێمه یهك لهدوای یهكهكانی عێراق بهرامبهر كورد كراوه، كه تا ئێستاش تهعریب بهردهوامه، بووه ههوێنی ریفراندۆمی سهربهخۆیی".
ریفراندۆم بوو بە بەڵگەیەکی مێژوویی گرنگ بۆ کورد و بۆ ھەموو جیھانی سەلماند، کە کورد لەپێناو چیدا شۆڕش و خەبات و قوربانی داوە، بە ریفراندۆم گەلی کوردستان جارێکی دیكه بڕوای بەخۆی پەیدا کردەوە، کە چارەسەر تەنیا لە دروستبوونی دەوڵەتدا دەبێت و ھەموو چارەسەرێکی دیكه کاتییە و سەرناگرێت.
ریفراندۆم بۆ ئەوە بوو جارێکی دیكه رژێمە جیاوازییەکانی بەغدا گەلەکەمان تووشی ئەنفال و کیمیاباران و قڕکردن و نەھێشتنی سیمای نەتەوایەتی خۆی و خاکەکەی نەکات، ریفراندۆم سەرکەوتنی ئیرادەی گەلێک بوو، کە ئاوا بە ئاشکرا تەعبیر لە خواستی خۆی بکات، دەنگی زۆرینەی ھەرە زۆری حزبەکانی نێو پەرلەمان و کوردستان بوو.
د.ی