به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا: به ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان سه‌ربه‌رزین

K24- هه‌ولێر:
به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا، سكرتێری حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له‌باره‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، كه به‌ر له چوار ساڵ و له رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆ له 25ی ئه‌یلوولی ساڵی 2017 ئه‌نجامدرا و سه‌رووی 93%ی خه‌ڵكی كوردستان ده‌نگیان به به‌ڵێ دا، رایگه‌یاند، بیرهێنانه‌وه‌ی ریفراندۆم و باسكردن له ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه بۆ ئێمه جێگه‌ی سه‌ربه‌رزییه، سه‌ربه‌رزین به به‌شداریكردنمان له ریفراندۆم.
ئه‌م گوتانه‌ی سكرتێری حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له‌میانه‌ی دیبه‌یتێكی كوردستان24ـدا به‌بۆنه‌ی چواره‌مین ساڵڕۆژی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هاتوون و گوتی: ئێمه له ساڵی 1985 وه‌ك حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان له یه‌كه‌م كۆنفرانسی حزبه‌كه‌مان درووشمی مافی چاره‌ی خۆنووسینمان به‌رز كرده‌وه، دوای راپه‌ڕینیش له یه‌كه‌م كۆنگره‌دا درووشمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان‌مان به‌رز كرده‌وه، له كۆنگره‌كانی دواتریش ئه‌و درووشمه‌مان گۆڕی بۆ مافی چاره‌ی خۆنووسین له‌ڕێگه‌ی ریفراندۆمه‌وه، ئه‌و هه‌موو درووشمانه‌ش هۆكار و مه‌به‌ستی خۆیان له‌پشته‌وه بوو.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، دوای رووخانی رژێم و پێش رووخانی رژێمیش، هه‌موو حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان و له كۆنگره‌ی ئۆپۆزسیۆنی عێراقیشدا هه‌وڵ بۆ ئه‌وه درا، كه دوای رووخانی رژێم عێراقێكی نوێ بونیاد بنرێت، له ساڵی 2005ـیش بڕیار له‌سه‌ر ده‌ستوور درا، به‌ڵام به داخه‌وه، هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه تا ئه‌و كاته‌ی بڕیاردرا ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان بكرێت، عه‌قلیه‌تێك فه‌رمانڕه‌وایی عێراقی كرد، كه هه‌میشه مافه ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و گه‌لی كوردیان نه‌ك ته‌نها پێشێلكردووه، به‌ڵكو به‌رده‌وام خۆیان له جێبه‌جێكردن و ته‌نانه‌ت باسكردنیشی دزیوه‌ته‌وه، كه له ده‌ستووریشدا ره‌وایه‌تی به‌و مافانه‌ی گه‌لی كورد دراوه.
هه‌روه‌ها گوتی: وێڕای هه‌وڵ و كۆششێكی زۆر له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتداران و حزبه سیاسییه‌كانی عێراق به هه‌ردوو پێكهاته‌ی شیعه و سوننه‌وه بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و مافانه، به‌ڵام نه‌ك ته‌نها جێبه‌جێیان نه‌كرد، به‌ڵكو پاشه‌كشه‌شیان كرد و گه‌یاندییان به نانبڕینی خه‌ڵكی كوردستان و هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی هێز و هێرشكردنه سه‌ر هه‌رێمی كوردستانیان كرد، بۆیه سه‌باره‌ت به ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، به‌گوێره‌ی یاسا و رێسا نیوده‌وڵه‌تییه‌كانیش بێت، هه‌موو گه‌لێك بۆی هه‌یه بڕیار له‌سه‌ر ئاینده‌ی خۆی بدات، ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیش له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بوو.
دووپاتیشی كرده‌وه، دوای رووخانی رژێم له بری ئه‌وه‌ی عێراق هه‌نگاو به‌ره‌و قۆناغێكی نوێ بنێت و هه‌موو پێكهاته‌كان له چوارچێوه‌ی وڵاتێكدا و به گیانێكی لێبوورده‌یی و ئیستحقاقی ده‌ستووری به مافه‌كانیان بگه‌ن، به‌داخه‌وه عه‌قلیه‌تێك حوكمڕانی وڵاتی كرد، كه ته‌واو پێچه‌وانه‌كه‌ی جێبه‌جێ كرا، نه‌ك هه‌ر ته‌نها عه‌قلیه‌تی شۆڤێنی، به‌ڵكو مه‌زهه‌بیشی هاته ناو، هه‌ربۆیه دوای تێپه‌ڕبوونی زیاتر له 13 ساڵ به‌سه‌ر نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور، گه‌یشتینه ئه‌و بڕوایه‌ی كه مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و عه‌قلیه‌ته كارێكی ئاسان نییه، بۆیه بڕیار درا ریفراندۆم بكرێت، ئێمه‌ش وه‌ك حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان پێشوازیمان له‌و بڕیاره كرد و به‌شداریمان كرد و سه‌ربه‌رزانه‌ش ئه‌نجامماندا.
هه‌روه‌ها گوتی: بۆ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ش كه باس له‌وه ده‌كه‌ن، گوایه له ئه‌نجامدانی ریفراندۆم شكستمان هێناوه، ده‌مه‌وێت بڵێم: كاتێك ئێمه ریفراندۆممان ئه‌نجامدا، مه‌رج نییه رۆژی دواتر ده‌وڵه‌ت رابگه‌یه‌نین، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه به‌زیندوویی ماونه‌ته‌وه و كارتێكی نه‌مره به‌ده‌ست گه‌لی كوردستانه‌وه. هه‌ر له‌و باره‌شه‌وه گوتی: ده‌مه‌وێت پرسیار له‌و خه‌ڵكه بكه‌م، كه به‌و شێوه‌یه لێكدانه‌وه بۆ ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر راسته‌وخۆ دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كانی ریفراندۆم حكومه‌تی عێراق ئه‌نجامه‌كانی په‌سه‌ند كردبا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش ره‌زامه‌ندییان له‌سه‌ر دابا، ئه‌مه مانای وایه رۆژی دواتر ده‌وڵه‌ت رابگه‌یه‌نین؟ له وه‌ڵامدا گوتی: نه‌خێر، چونكه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سنوور و خاك و چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به پرسی سه‌ربه‌خۆیی پێویستییان به كاتێكی دوور و درێژه تا بتوانرێت ده‌وڵه‌ت رابگه‌یه‌ندرێت.
به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا دووپاتیكرده‌وه، كێشه‌ی كورد له‌گه‌ڵ عێراق هه‌ر له رۆژی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه ده‌ستیپێكرد، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی له‌دوای جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان نه‌خشه‌یه‌كیان به‌گوێره‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان كێشا و سنوورێكی جوگرافییان به‌سه‌ر گه‌لانی عێراقدا سه‌پاند، بێ ئه‌وه‌ی خواست و ویستی پێكهاته‌كانی عێراق له‌به‌رچاو بگرن و بۆی بگه‌ڕێنه‌وه.
H.B