كاوه مه‌حموود: كاركردن بۆ سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو نه‌بووه
K24 - هه‌ولێر:
كاوه مه‌حموود، سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان له‌ساڵیادی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، پرسی نیشتمان، پرسی ریفراندۆم نییه، ریفراندۆم ته‌نیا وێستگه‌یه‌كی تێكۆشان بوو، ئه‌و وێستگه‌یه ئه‌نجامی خۆی ده‌رخست، كه خه‌ڵكه‌كه له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆییه، به‌ڵام كاركردن بۆ سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو نه‌بووه.
كاوه مه‌حموود گوتی: "یه‌كێك له ئه‌ركه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان، بڕیاردان بووه له‌سه‌ر پرسی مافی چاره‌نووسی كورد، سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی حزبی شیوعیش، ئێمه پێومانوایه گه‌لی كورد مافی خۆیه‌تی ده‌وڵه‌تێكی نیشتمانی هه‌بێت، ئه‌مه‌ش بۆ راستكردنه‌وه‌ی زوڵمێكی مێژووییه، گه‌لی كورد ناحه‌قییه‌كی زۆری به‌رامبه‌ر كراوه، خاكه‌كه‌ی دابه‌ش كراوه، له دوای شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانییه‌وه، له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ژماره‌یه‌ك ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی درووست بوون، ئه‌و مۆدیله به‌پێی عه‌قڵیه‌تی ئه‌وروپی بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نێردرا و به‌سه‌ر خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یان سه‌پاند، به‌بێ ئه‌وه‌ی عه‌قڵیه‌تی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بخوێننه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی بۆ ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بگه‌ڕێنه‌وه".
گوتیشی: "هاورده‌كردنی ئه‌و شێوه ده‌وڵه‌ته بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، گرفتی درووستكردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش كێشه‌ی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ش درووست كرد، ئه‌مه‌ی په‌یوه‌ندی به شووناسیشه‌وه هه‌یه، بۆیه ده‌وڵه‌تی هاووڵاتیبوون دوای 100 ساڵیش درووست نه‌بوو، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه گه‌له‌كه‌مان مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی بدات، گه‌لی كوردیش به‌شێوه‌یه‌كی مه‌ده‌نیانه ئه‌م داوایه‌ی كردووه، به‌ڵام هێز به‌رامبه‌ری به‌كارهاتووه، ریفرادنۆم وه‌كو میكانیزمێكی سه‌ركه‌وتوو بوو، چونكه خه‌ڵكه‌كه هات ده‌نگی دا، دواتر سه‌ربه‌خۆخوازان ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی بووه، ئه‌مه مافێكی ره‌وای گه‌له و سه‌ركه‌وتنه.
سه‌باره‌ت به ره‌تكردنه‌وه‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌لایه‌ن هه‌ندێك وڵاته‌وه، كاوه مه‌حموود ئاماژه‌ی به‌وه كرد، ئه‌و بڕیاره په‌یوه‌ندی به به‌رژه‌وه‌ندییه‌وه هه‌یه، وڵاته زلهێزه‌كانیش له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه كوردستانیان دابه‌شكردووه، ئه‌وان نموونه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی سه‌رده‌ست-یان سه‌پاندووه، ئه‌م مۆدیله‌ش ته‌نیا نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه، ئه‌گه‌ر باس له ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عێراق بكه‌ین، سیاسه‌تی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی عێراق ته‌نیا نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست بڕیاربه‌ده‌سته و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی پارێزراوه، ئه‌وان وا ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بین، كه پاراستنی سه‌روه‌ری عێراق وابه‌سته ده‌كه‌ن به نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌ست.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌م باڵاده‌ستییه له عێراق به‌رده‌وامی هه‌بووه، بۆیه بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان به‌رامبه‌ر خه‌باته‌كه‌ی یه‌كده‌نگ بووه و رووبه‌ڕووی ئه‌و عه‌قڵیه‌ته بووه‌ته‌وه، لایه‌نه‌كانی عێراقیش ته‌نانه‌ت بڕوایان به فیدراڵی نییه، باسیشی ناكه‌ن، پێانوایه فیدراڵیه‌ت هه‌ڕه‌شه‌یه له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق، هه‌روه‌ها ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ی عێراق ناكۆكه له‌گه‌ڵ چه‌مكی دادپه‌روه‌ی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان نایانه‌وێت كورد به مافه ره‌واكانی خۆی بگات، نیشتمانی عێراق، نیشتمانی تائیفه‌ی سه‌رده‌سته، سه‌باره‌ت به كوردستان، ئه‌مه جیاوازه.
سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان روونیكرده‌وه، هه‌وڵی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆی كوردستان ئه‌نجام درا و ته‌واو بوو، ده‌رفه‌تێك بوو بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتانی زلهێز ئه‌و هه‌ڵه مێژووییه‌ی كردوویانه، راستی بكه‌نه‌وه، به‌ڵام راستیان نه‌كردووه، ئه‌م هه‌ڵه‌یه له چه‌ند وڵاتێكی دیكه‌ش دووباره بووه‌ته‌وه، خه‌ڵكی كه‌ته‌لۆنیا ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی دا، كه‌چی یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ ئه‌و بابه‌ته بێده‌نگ بوو، له سه‌رۆك وه‌زیرانی هۆڵه‌ندایان پرسی، بۆچی پشتگیری كه‌ته‌لۆنییه‌كان ناكه‌ن، گوتی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش كێشه‌ی "خرۆنینگن"مان هه‌یه، كه ئه‌وانیش پێكهاته‌یه‌كن له وڵاته‌كه‌ی و ره‌نگه ئه‌وانیش داوای سه‌ربه‌خۆیی بكه‌ن، واتا ئه‌م وڵاتانه هه‌ر یه‌كه‌یان له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیه‌وه سه‌یری كێشه‌كه ده‌كه‌ن.
روونیشكرده‌وه، له ئاكامی ریفراندۆم بۆمان ده‌ركه‌وت، وڵاتانی زلهێز ئه‌وكاته حیساب بۆ ئێمه ده‌كات، كه ئێمه به‌هێز بین، ئه‌مه ناكۆكی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانه، ئه‌و مۆدیله‌شی له دوای ساڵی 2003ـه‌وه په‌یڕه‌ویان كرد، كه ته‌وافوقی گشتی بوو، ئه‌و ته‌وافوقییه دیموكراتییه كه دوای رووخانی به‌عس، عێراقی له‌سه‌ر بنیاتنرا، كۆتایی هاتووه، گرفته‌كه بریتییه له عه‌قڵه‌یه‌تی شوناس، كێشه‌كه به عه‌قڵیه‌تی رۆژئاوا چاره‌سه‌ر ناكرێت، به عه‌قڵیه‌تی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستیش چاره‌سه‌ر ناكرێت، مانه‌وه‌ی ئه‌و عه‌قڵیه‌ته‌ش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی بارگرژی له ناوچه‌كه درووست ببێت، گه‌شه‌پێدان درووست نه‌بێت، ئاشتی و ئاسایش بكه‌وێته مه‌ترسییه‌وه، ئه‌گه‌ر وڵاتانی رۆژئاوا بیر له به‌رژه‌وه‌ندی عه‌ره‌بیش بكه‌نه‌وه، ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێن، كه گه‌لی كورد مافی چاره‌نووسی خۆی هه‌بێت، گرنگه ئه‌م گه‌لانه بتوانن پێكه‌وه بژین، گرنگ نییه له چ چوارچێوه‌یه‌كدا پێكه‌وه بژین.
كاوه مه‌حموود ئاشكرای كرد، دۆزی ره‌وابوونی كوردستان له‌وه‌وه ده‌ستپێده‌كات، كه كوردستان نیشتمانه، ئه‌م نیشتمانه مافی خۆیه‌تی هه‌وڵبدات بۆ سه‌ربه‌خۆیی، ئه‌مه بابه‌تێكی نیشتمانییه، په‌یوه‌ندیشی به ئاره‌زووه‌وه نییه، جگه له‌وه‌ش ئه‌مه په‌یوه‌ندی به كۆمه‌ڵگه هه‌یه و بابه‌تێكی كۆمه‌ڵایه‌تی، كه چۆن هاووڵاتیی خۆمان په‌روه‌رده بكه‌ین، تا داكۆكی له نیشتمانه‌كه‌ی خۆی بكات، مێژووی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی گه‌لی كوردستان مێژوویه‌كی دوورودرێژی هه‌یه، ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له هه‌ر قۆناغێكدا رووبه‌ڕووی ئه‌رێكیك نوێ ده‌بێته‌وه، كاتێك لایه‌نه‌كانی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه له ده‌سه‌ڵاتدا نه‌بوون، ئه‌ركه‌كانیان سنووردارتربووه، ئێستا كه له ده‌سه‌ڵاتن، ئه‌ركه‌كه‌ی فراوانتره، ده‌سه‌ڵاته‌كه‌شی ئه‌مری واقیعه، نه ده‌ستووری عێراق ده‌یپارێزێت، نه هیچ لایه‌نێكی دیكه ده‌یپارێزێت، كورد خۆی پاراستوویه‌تی، قوربانییه‌كانی گه‌لی كوردستان پاراستوویه‌تی، پێشمه‌رگه پاراستوویه‌تی، ئه‌م ئاماده‌بوونه ده‌یپارێزێت، بایه‌تی نیشتمانی دابڕاو نییه له پێدوایستییه‌كانی خه‌ڵك.
ئاشكراشیكرد، هه‌ستی نیشتمانی بوون هه‌مه لایه‌نه‌یه، ئه‌وكاته‌ی خه‌ڵكی باشووری كوردستان ده‌نگیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی دا، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی رۆژهه‌ڵاتیش بیانتوانیبایه ده‌نگ بده‌ن، ئه‌وا ده‌نگیان به سه‌ربه‌خۆیی باشوور ده‌دا، له باكوور و رۆژئاواش به‌هه‌مان شێوه، واتا بایه‌تێكی نیشتمانی كوردستانی فراوان هه‌یه، سه‌ره‌ڕای ئه‌و غه‌دره‌ی له كوردستان كراوه، به‌ڵام ئاراسته‌یه‌ك هه‌یه، كه مافی هه‌ر پارچه‌یه‌كی كوردستانه قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی هه‌بێت، له‌چوارچێوه‌ی تایبه‌تی خۆیدا.
سه‌باره‌ت به گه‌شبینی بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، سكرتێری حزبی شیوعی كوردستان گوتی: "زۆر به گه‌شبینییه‌وه سه‌یری ئاینده ده‌كه‌م، پێموایه مێژوو دانه‌خراوه، ئه‌و پرسه‌ی ئێمه ده‌بێت كاری له‌سه‌ر بكه‌ین، پرسی نیشتمانییه، پرسی ریفراندۆم نییه، ریفراندۆم ته‌نیا وێستگه‌یه‌ك بوو، وێستگه‌یه‌كی تێكۆشان بوو، ئه‌و وێستگه‌یه ئه‌نجامی خۆی ده‌رخست، كه خه‌ڵكه‌كه له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆییه، به‌ڵام كاركردن بۆ سه‌ربه‌خۆیی ته‌واو نه‌بووه".
گوتیشی: "بزاڤێكی شۆڕشگێڕی هه‌یه، كه به به‌رده‌وام كار بۆ ئه‌وه ده‌كات، ته‌نانه‌ت دوژمنانمان هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن ره‌شبینی له نێوانماندا بڵاوبكه‌نه‌وه، ده‌بێت ئێمه به گیانی به‌رگریكردنه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی دیكه‌وه ده‌بێت پڕۆژه‌یه‌كمان هه‌بێت بۆ بنیاتنانی چاكسازی ته‌واو، هێزی جه‌ماوه‌ر هێزی فشار بێت، له‌و حاڵه‌ته‌دا زۆر گۆڕانكاری ده‌كرێت، كه‌س نه‌ڵێت هێزمان نییه، گه‌لی كوردستان خاوه‌نی هێزێكی زۆره، ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌بێت ناڕازیش بێت، ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه به‌رگری له نیشتمانه‌كه‌ی خۆی نه‌كات".
كاوه مه‌حموود، جه‌ختی له‌وه كرده‌وه، ده‌بێت ئه‌و هه‌وڵه‌ی هه‌یه، له‌چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌یه‌كی چاكسازیدا بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش نابێت به‌راوردكارییه‌كانمان له‌گه‌ڵ وڵاتی ناوچه‌كه بێت، ناكرێت خۆمان له‌گه‌ڵ به‌غدا، تاران و ئه‌نقه‌ره به‌راورد بكه‌ین، گه‌لی كورد حه‌ز ده‌كات خۆی له‌گه‌ڵ وڵاتانی پێشكه‌وتووی وه‌ك ژاپۆن و كۆریا بكات، گه‌لی ئێمه گه‌لێكی نه‌زۆك نییه، 100 ساڵه به‌رگری ده‌كات، ئه‌نفال كراوه، جینۆساید كراوه، به‌ڵام گیانی به‌رگری هه‌ر تێدابووه.