هێشتا بکوژانی یەکەم شەهیدی ریفراندۆم دەستگیر نەکراون

چیرۆکی یەکەم شەهیدی ریفراندۆمی سەربەخۆیی
رائید قادر جەباری، یەکەم شەهیدی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان
رائید قادر جەباری، یەکەم شەهیدی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان

K24 – کەرکووک

چوار ساڵ لەمەوبەر لەکاتی بانگەشەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، گەنجێک لە کەرکووک شەهید کرا، کەسوکارەکەی دەڵێن تائێستا بکوژانی دەستگیر نەکراون و ئەوانیش سوڵحیان نەکردووە.

رائید قادر جەباری، یەکەم شەهیدی ریفراندۆم، لەکاتی بانگەشەی ریفراندۆم، لەلایەن پاسەوانەکانی بارەگای حزبی نەتەوەیی تورکمان دەستڕێژی گوللـەی لێکرا و شەهید کرا.

سەید دلێر، برای شەهید رائید بە کوردستان24ی گوت: "لەکاتی بانگەشەی ریفراندۆم لە ئەیلوولی 2017، براکەم لەلایەن چەکدارانی حزبی نەتەوەیی تورکمان تەقەی لێکرا و شەهید کرا، دوو کەسی دیکەش لەگەڵی برینداربوون. تائێستا بکوژانی براکەم دەستگیر نەکراون و داواکارین ئەو تاوانبارانە دەستگیر بکرێن".

باسی لەوەشکرد: "پڕ و پاگەندەی ئەوە کراوە گوایە ئێمە سوڵحمان لەگەڵ کردون، بەڵام ئەوە راست نییە بکوژەکان هەڵاتون".

برای یەکەم شەهیدی ریفراندۆم لە کەرکووک، گوتیشی: "نەک جارێک 10 جاری دیکەش ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان بکرێت ئێمە ئامادەین دەنگی پێبدەین، ئێمە خوێنمان لەپێناوی سەربەخۆیی داوە".

ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە 25/9/2017 ئەنجامدرا، سەرەڕای رێگریی و ئاستەنگەکان، خەڵکی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان بە گشتی لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان، بە جۆش و خرۆشەوە بەشداریان کرد و بە زۆرینەی دەنگ گوتیان بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان.