حەشدی شەعبی: تەواوی شارۆچکەی فەللوجە گەمارۆ دراوە

"بەمزووانە شارەدێی سەقڵاوییە کۆنتڕۆڵ دەکرێتەوە"

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی دەستەی حەشدی شەعبی رایگەیاند، لە 70%ی ئۆپەراسیۆنی فەللوجە بە سەركەتووی ئەنجامدراوە و بە كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارەدێی سەقڵاوییە تەنھا سەنتەری فەللوجە لە بندەستی داعش دەمێنێتەوە.

ئەحمەد ئەسەدی، گووتەبێژی دەستەی حەشدی شەعبی رایگه‌یاند: "لە 70%ی ئۆپەراسیۆنی فەللوجە بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراوە و بەمزووانە شارەدێی سەقڵاوییە کە دەکەوێتە باکووری فەللوجە، بەتەواوی کۆنتڕۆڵ دەکرێتەوە".

ئەسەدی راشیگه‌یاند: "بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارەدێی سەقڵاوییە، تەنیا سەنتەری شارۆچکەی فەللوجە لەژێر دەستی چەکدارانی داعش دەمێنێتەوە".

ئەمە لە كاتێكدایە نزیكەی دوو ھەفتەیە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی فەللوجە دەستی پێكردووە، دوێنێش حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ھۆكاری سستی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەكەی بۆ مەسترسی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی دانیشتووی فەللوجە گەڕاندەوە.

شارۆچكه‌ی فه‌للوجه‌ گه‌وره‌ترین شارۆچكه‌ی عێراق و له‌ سه‌ره‌تای 2014ـه‌وه‌ كه‌وتووه‌ته‌ ده‌ستی چه‌كدارانی داعش.