مەسرور بارزانی ژمارەیەک سایلۆ و کارگە لە هەولێر دەکاتەوە
K24 - هەولێر
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک سایلۆ و کارگەی تایبەت بە پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگای هەولێر دەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 27ی ئەیلوول کاتژمێر 11:00، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ژمارەیەک سایلۆ و کارگەی تایبەت بە پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە پارێزگای هەولێر دەکاتەوە.
گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆیی و ساغکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران، بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا حکومەت پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی دەستپێکردووە و ژمارەیەک سایلۆ و کارگەی لە ناوچە جیاوازەکان دروستکردون و بەشێکیان کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران، لە دروستکردنی 40 سایلۆ و 11 کارگەی بەرھەمە خۆراکییەکان پێکدێت. لە قۆناغی یەکەمدا 20 سایلۆ و 5 کارگە تەواو دەکرێن، لە قۆناغی دووەمیشدا بیست سایلۆ و 6 کارگەی دیکە تەواو دەکرێن، ماوەی دوو ساڵیش دیاریکراوە بۆ تەواوبوونی پڕۆژەکە.