لە هەرێمی کوردستان گرنگی بە هێزی کاری ئافرەتان دەدرێت

ژمارەی ژنان لە کارگەکان و شوێنەکانی دیکە زیادیکردووە

K24  - هەولێر

لەم چەند ساڵەی دواییدا دەرفەتی کار بۆ ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان، گرنگی زیاتری پێدراوە، جگە لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم پلە و پۆستیان پێدراوە، لە کەرتی تایبەت و پڕۆژەکانیش گەلێک ئافرەت هەن سەرپەرشتیار یان بەڕێوەبەرن.

لەناو یەکێک لە کارگەکان لە هەولێر، سەرپەرشتیار و زۆر لە کارمەندەکانیان ئافرەتن. دونیا نازم، سەرپەرشتیاری دەیان ئافرەتی کرێکارە و ماوەی دوو ساڵە لەو کارگەیە کار دەکات، زیاتر هەلی کارکردنی بۆ ئافرەتان رەخساندووە، کە رۆژانە ماوەی 8 کاتژمێر کاردەکەن.

دونیا نازم، بە کوردستان24ی گوت: "ماوەی دووساڵە لێرە کاردەکەم، ئەوەندەی پێم کراوە کچ و ژنانمان وەرگرتووە، زۆرجار بە بەشی (ئیج ئاڕ) دەڵێم ئەگەر کچ هاتن بۆئەوەی لە کارگە ئیش بکەن رایان مەگرە و بابێنە ژوورەوە، دەرفەت بە کچەکانیش دەدەین، بەڵام حەز دەکەم کچەکان زیاتر بێن".

ئافرەتان نیوەی زیاتری هێزی کارکردن پێکدێنن، هەرێمی کوردستانیش لە پێدانی دەرفەتی کارکردن وەبەرهێنان کار ئاسانی زۆری پێشکەش کردووە. ئایە سەمیر، کارمەندێکی تری بە رەگەز عەرەبە و ماوەی چەند ساڵێکە لە هەرێمی کوردستان کاردەکات وەک خۆی دەڵێ: "بەبۆچوونی من لە هەرێمی کوردستان هەلی کار زۆرە، بەتایبەت بۆ ئافرەتان لە هەموو بوارێک دەرفەت هەیە، هەتا ئەگەر پێشتریش لەو بوارە کارت نەکردبێ، دەرفەت دەدەن فێری کارەکە ببیت، بەهیچ شێوەیەک تەمەن و رەگەز پێوەر نییە".

بەگووتەی بەڕێوەبەری کاری هەولێر-ی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رێژەو دەستی کاری ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان لە زیادبوون دایە و بەراورد بە ناوە راست و خوارووی عێراق، کە رێژەکە لەوێ زیاتر لە 12٪ـە.

ڤ. ع