"13 شەهیدمان داوە ببم بە 14مین شەهید واز لە زەوییەکانم ناهێنم"
K24 - هەولێر
لە سنوورێکی دەورەدراو بە عەرەبی هاوردە و هاوسنوور لەگەڵ داعش، جووتیارانی کورد خۆیان راگرتووەو بەرگری لە بوونی خۆیان و خاوەنداریەتی خاک و ئاوی باوک و باپیرانیان دەکەن، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی چاندن عەرەبە هاوردەکانیش هەوڵەکانیان بۆ داگیرکردن و دەستبەسەر داگرتنی زەوی و زەری جووتیارانی کورد چڕکردووەتەوە.
حەسەن عەلی، جووتیارێکی گوندی چەخماخەیە لە باشووری خۆرئاوای کەرکووک وەکخۆی دەڵێ: "هەموو ساڵێک لەکاتی چاندنی گەنم، عەرەبەکان دێنە پێشەوە دەیانەوێت زەوییەکانمان داگیر بکەن، دەڵێن: نووسراومان هێناوە لە دادگاکانی کەرکووک، ئێمەش زەوییەکانمان هەمووی تاپۆی رەشی هەیە و ناهێڵین زەوییە کانمان داگیر بکرێن".
ئەو جوتیارە کوردە دەشڵێت: "ئێمە خاوەنی 13 شەهیدین و گەر بکرێم بە 14مین شەهیدیش واز لە زەوییەکانمان ناهێنم".
کێشەی زەوی و زار و مەترسی ئەمنی، گوندی چەخماخەی بەرەو چۆڵبوون بردووە، کە پێشتر 65 ماڵ نیشتەجێی گوندەکە بوون، ئێستا کەمتر لە 10 ماڵ ماونەتەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ئەندامی لیژنەی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی کەرکووکە بەڵینێک بە جووتیاران دەدات و دەڵیت: "وەک چۆن لە ساڵانی رابردوو بەرگریمان لێیان کردووەو ئەو بڕیارەمان هێنا لە ئەنجومەنی دادوەری و رێگر بووین لەوەی کە زەویەکانیان داگیر بکرێن، بەهەمان شێوە لەگەڵییان دەبین دەستبەرداری ئەو پرسە نابین".
بەبریاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەعس، زیاتر لە 800 هەزار دۆنم زەوی جووتیارانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک، بە گرێبەست دراونەتە عەرەبی هاوردە لەو ژمارەیەش 10 هەزار دۆنم لە دادگاکانەوە بڕیاردراوە دووبارە بدرێنەوە عەرەبە هاوردەکان، کە 198 گرێبەستن و بەشێکیان جارێکی دیکە لە کورد زەوتکراونەتەوە.
ڤ.ئ