مه‌سرور بارزانی: بەڵێنەکانمان بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان جێبەجێ ده‌كه‌ین

سه‌رۆكی حكومه‌ت: پڕۆژه‌كه‌ هەزاران هه‌لی کار دەرەخسێنێت و ئاسایشی خۆراکیش بۆ نیشتمانەکەمان دابین دەکات

K24- هه‌ولێر:

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه‌، لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا، گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی پڕۆژەی به‌بازاڕکردنی گەنمی جووتیاران لە هەولێر.

ئه‌م گوتانه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ پۆستێكدا له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ ئینستاگرام هاتوون و له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی به‌بازاڕكردنی گه‌نمی جووتیاران له‌ هه‌ولێر، گوتی: به‌ تێچووی 250 ملیۆن دۆلار، پڕۆژە‌كه‌ ئاسانکاریی بۆ بەبازاڕکردنی بەروبوومی جووتیارانمان دەکات و هەزاران هه‌لی کار دەرەخسێنێت و ئاسایشی خۆراکیش بۆ نیشتمانەکەمان دابین دەکات.

ئه‌مه‌ دوای ئه‌وه‌ هاتووه‌، ئه‌مڕۆ مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ مه‌راسیمێكدا ژمارەیەك سایلۆ و کارگەی تایبەت بە پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی لە پارێزگای هەولێر كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، کەمتر لە ساڵێك بەردی بناغەی پڕۆژەی بەبازاڕکردنی جووتیارانمان لێرە دانا، کەمتر لە ساڵێکه‌ و ئێستا لێرەین بۆ کردنەوەی ئەو پڕۆژەیە.

له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی سایلۆ و كارگه‌ی تایبه‌ت به‌ بازاڕكردنی گه‌نمی جووتیاران سه‌رۆكی حكومه‌ت وتارێكی پێشكه‌شكرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، وەك بەڵێنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، کە تەنیا پشت بە سەرچاوه‌یەکی داهات نەبەستین، ئه‌مڕۆ پڕۆژه‌كه‌ كه‌وته‌ كار، جگە لەوەی ئەم جۆرە پڕۆژانە دەتوانن پێداویستییەکانی کوردستان دابین بکەن، ئێمە ئاواتەخوازین بەرووبووم و بەرهەمەکانی ناوخۆی کوردستان هەناردەی دەرەوە بکەین.