کاروانی ئاوەدانی کابینەی نۆیەم گەیشتە مەخموور

به‌ دابینكردنی 50 مێگاوات، کێشەی کارەبا لە مەخموور چارەسەر دەکرێت
مه‌خموور
مه‌خموور

K24 - هه‌ولێر:

لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دوو وێستگەی كارەبا لە مەخموور جێبەجێدەكرێن. ئەو دوو وێستگەیە گرنگ و چارەسەری كێشەی كارەبا لە سنووری مەخموور و دەوروبەری دەكات، پڕۆژەكە بە گوژمەی نزیكەی 2 ملیار دینار جێبەجێ دەكرێت و بۆ سەرەتای وەرزی زستان وێستگەیەكیان دەكرێتەوە.

کاروانی ئاوەدانی کابینەی نۆیەم گەیشتە مەخموور ئەو شارەی لەدوای رووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەرەوە ھیچ پڕۆژەیەکی بۆ ئەنجام نەدراوە، پڕۆژەكە لەسەر راسپاردەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە، بریتییە لە وێستگەی كارەبای بنار، كە لەلایەن كۆمپانیای گرشین ئامادەكراوە، بەمەش گرفتی بارزۆری و كێشەی ڤۆڵتی لە تەواوی شاری مەخموورو قەراج چارەسەر دەبێت ،کە ساڵانێکی زۆرە خراپی کاتژمێرەکانی کارەبا  كێشەی بۆ دانیشتووانەکەی دروست کردبوو و حکومەتی عێراقیش لێی بێخەم بوو.

کەمال محەمەد، وەزیری کارەبا گوتی: "له‌ قه‌زای مه‌خموور دوو كێشه‌ هه‌یه‌، یه‌كێكیان دابه‌زینی ڤۆڵتیه‌یه‌، كێشه‌كه‌ی دیكه‌ش كه‌موكوڕی له‌ تاوه‌ره‌كانه‌، ئێستا وێستگه‌یه‌كی مۆبایلمان دامه‌زراندووه‌، له‌ دوای چه‌ند مانگێكی دیكه‌ش وێستگه‌ی دووه‌م ده‌كه‌وێته‌كار".

حکومەتی ھەرێمی کوردستان جگە لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە ئامادەکاری کردووە لەڕێگەی پارێزگای ھەولێرەوە لە دوای ھەڵبژاردن چەند پڕۆژەیەکی دیكه‌ی خزمەتگوزاری لەو سنوورە بکاتەوە، رزگار محه‌مه‌د، قایمقامی مەخموور دەڵێت پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری نەوەستاوە، بەڵام ئیدارەی پارێزگای نەینەوا وەک پێویست ھاوکار نەبوون لە گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ مەخموور و دەوروبەری.

بەگوژمەی ملیارێک و 724 ملیۆن دینار وێستگەی کارەبای مەخموور کرایەوە، پێش وەرزی زستانیش وێستگەیەکی دیكه‌ش دەکەوێتە کار، کە ھەردووکیان 50 مێگاوات کارەبا دابین دەکەن و دەتوانرێت کاتژمێرەکانی کارەبا رێکبخات، لەگەڵ چاککردنەوەی ئەو تاوەرانەی کارەبا کە لەلایەن داعشەوە تەقێنراونەتەوە.

د.ی