په‌تايه‌ك له‌ناو منداڵان له‌ شاری سلێمانى بڵاوبووه‌ته‌وه

به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی منداڵان: پێويسته‌ به‌ريه‌كه‌وتنى منداڵان كه‌مبكرێته‌وه
به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تایه‌ك له‌ سلێمانی، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ منداڵان له‌ نه‌خۆشخانه‌ خه‌وێندراون
به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تایه‌ك له‌ سلێمانی، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ منداڵان له‌ نه‌خۆشخانه‌ خه‌وێندراون

K24 - سلێمانی:

په‌تايه‌ك له ‌نێو منداڵ و قوتابيان له‌ شاری سلێمانى بڵاوبووه‌ته‌وه،‌ كوردستان24 به‌دوادچوونى‌ له‌سه‌ر په‌تاكه‌ و چۆنيه‌تى بڵاوبوونه‌وه‌ى كردووه، به‌ڕێوبه‌رى نه‌خۆشخانه‌ى منداڵانى سلێمانى ده‌ڵێت په‌ته‌كه‌ مه‌ترسيدار نيیه‌ و پێويست بە دڵەڕاوكێ ناكات و دۆخەكە لە ژێر كۆنترۆڵدایە.

بەشێک لە منداڵان تووشی جۆرە پەتایەك بوون، کە نیشانەکانیان بریتین لە تا، کۆکە، هەڵامەت، سکچوون، رشانەوە، ئازاری سک و سەرئێشە، هەندێک لە منداڵەکان نیشانەکانیان سووکن و بەشێکی دیکەشیان بە توندی تووشی په‌تاكه‌ بوون، بە گوێرەی نیشانەکان و ئەو شیکارییە تاقیگەییانەی کە بۆیان دەکرێت، دەرکەوتووە بەشێکیان تووشبووی کۆڕۆنا بوون، بەشێکی دیکەشیان جۆرێکن لە پەتای هەڵامەتی ئاسایین، زۆربه‌ى توشبووانيش قوتابين.

د. پشدەر عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د.جه‌مال ئه‌حمه‌د ره‌شید-ی مندڵان ده‌ڵێت دۆخه‌كه‌ له‌ژێر كۆنترۆڵدايه‌ و پێويسته‌ به‌ريه‌كه‌وتنى منداڵان به‌ تايبه‌ت له‌ خوێندنگاكان كه‌مبكرێته‌وه.‌

له‌قوتابخانه‌كانى سلێمانى رێكارى ته‌ندروستى گيراونه‌ته‌به‌ر بۆ رێگرتن له ‌بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تا وه‌رزييه‌كه‌ى نێو منداڵان، هه‌ر قوتابییه‌ك نيشانه‌ى په‌تاى وه‌رزى و كۆرۆناى تێدا ده‌ربكه‌وێت، راسته‌وخۆ ره‌وانه‌ى پشكنين ده‌كرێت.

ئاريان به‌كر، كه‌ به‌ڕێوبه‌رى قوتابخانه‌یه‌كی سلێمانییه‌ و گوتی: "قوتابیانمان ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ ماسك ببه‌ستن و كه‌متر له‌یه‌ك نزیك ببنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش توێژه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و مامۆستایان رێنمایی قوتابیان ده‌كه‌ن".

له ‌سلێمانى توانای نەخۆشخانەى منداڵان لەڕووی ژمارەی قه‌ره‌وێڵه‌ و  ئامێری پێویست و دەرمان و تاقیگەوە بێكێشه‌يه‌ و ده‌توانن سه‌رجه‌م حاڵه‌ته‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، قوتابخانه‌كانى سلێمانيش زۆربه‌يان رێنماييه‌كانى خۆپاراستنيان له‌په‌تاى وه‌رزى و كۆرۆناش وه‌رگرتووه‌.

د.ی