ئێران دۆسیەیەکی یاسایی بەرامبەر کۆمپانیای دانەگاز دەدۆڕێنێت

دادگای نێودەوڵەتی زیاتر له‌ 600 ملیۆن دۆلار لە بەرژەوەندی کۆمپانیای دانەگاز یەکلادەکاتەوە
ئێران به‌ زیاتر له‌ 600 ملیۆن دۆلار سزا ده‌درێت
ئێران به‌ زیاتر له‌ 600 ملیۆن دۆلار سزا ده‌درێت

K24 - هه‌ولێر:

دادگای نێودەوڵەتی بڕیاریدا، لە پڕۆژەی سوتاندنی گاز پێویستە ئێران زیاتر لە 600 ملیۆن دۆلار قەرەبووی کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی بکاتەوە، لە چوارچێوەی قەرەبووی هەشت ساڵ و نیوی یەکەمی گرێبەستە 25 ساڵەکەی نێوان هەردوولایەن.

ئەو دۆسیەیە بۆ پڕۆژەی سوتاندنی گازی سروشی پەیوەست بە چارەسەرکردن و گواستنەوە و بەبازاڕکردنی گاز دێت، کە کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێرانی پەیمانیدابوو بە گوێرەی رێککەوتنی کڕین و فرۆشتن بۆ ماوەی 25 ساڵ کار لەگەڵ کۆمپانیای هیلال بکات، بڕیاربوو لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2005ـەوە دەست بەکار بکەن، بەڵام کۆمپانیا ئێرانییەکە نەیتوانیوە وەک خۆی گرێبەستەکە جێبەجێ بکات.

کۆمپانیا نەوتی هیلال، کۆمپانیا ئێرانییەکەی لەبارەی بڕیاری کۆتایی دادگا ئاگادار کردبووەوە، بەگوێرەی بڕیارەکە پێویست بوو ئێران قەرەبووی ئەو کۆمپانیا ئیماراتییە بکاتەوە، رێوشوێنەکانی دادگایی یەکەمیش لە ساڵی 2009ـەوە دەستی پێکرد، تێیدا بڕیاردرا قەرەبووی دانەگاز تاوەکو 2014 بکرێتەوە.

ئەمڕۆ کۆمپانیای دانەگاز لە راگەیەندراوێکیدا بڵاویکردەوە، دەستەی دادگایی نێودەوڵەتی دوا بڕیاری خۆی لەبارەی دادگایی یەکەم بڵاوکردەوە، کە لە بڕیارەکەدا هاتووە، پێویستە بڕی 607.5 ملیۆن دۆلار قەرەبووی کۆمپانیای دانەگاز بکرێتەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی قەرەبووی هەشت ساڵ و نیوی یەکەمی گرێبەستە 25 ساڵەکەی نێوان هەردوولایە، بە دیاریکراوی لە 2005 تاوەکو 2014.

لە راگەیەندراوەکەی دانەگازدا هاتووە، ئێستا کار بۆ پڕۆسەی دادگایی دووەم دەکرێت بۆ قەرەبووکردەوەی 16 ساڵ و نیوی دووەم، بە دیاریکراوی لە 2014 تاوەکو 2030، بۆ ئەوەش بڕیارە دانیشتنی کۆتایی لە تشرینی یەکەمی 2022 لە پاریس ئەنجامبدرێت، چاوەڕوان دەکرێت بڕیاری کۆتایی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکان لە ساڵی 2023 بدرێت.

كۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەداوە، ئێستا بڕی 607.5 ملیۆن دۆلار شایستەی دانەگازە، ئەوەش پێگەی دارایی کۆمپانیاکە بە شێوەیەکی بەرچاو بەهێزتر دەکات، لە کاتی وەرگرتنی ئەو بڕەش بۆ میدیاکان بڵاوی دەکەنەوە.

 

د.ی