ژیانی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان پارێزراوترە لە عێراق

زۆربەی پێکهاتەکان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە ناوچەکانیان

K24 - هه‌ولێر:

پێكھاتەكانی ھەرێمی كوردستان دەڵێن جیاوازی ژیان لە ھەرێمی كوردستان و عێراق بۆ پێكھاتەكان ناكرێت، چونكە لە ھەرێمی كوردستان پێكھاتەكان بێ جیاوازی بە ئازادی دەژین و گوزارشت لە ماف و ئەركەكانیان دەكەن و لە ھەرێمی كوردستان وەك ھاووڵاتییەكی ئاسایی دەژین و كاروباری رۆژانەی خۆیان ئەنجام دەدەن، بەڵام پێچەوانەوە لە شارەكانی عێراق بەشیك لە پێكھاتەكان تا ئێستا نەیانتوانیووە بە ئازادی بگەڕێنەوە سەر ماڵەكانیان.

کاتێک لە پێکهاتەکان دەپرسی بەراوردی نێوان هەرێمی کوردستان و شارەکانی دیکەی عێراق بکەن لەڕووی پێکەوەژیانی ئایینی و نەتەوەییەوە، وەڵامیان ئەوەیە، جیاوازییەکە بەجۆرێکە هەر بەراورد ناکرێت.

محه‌مه‌د ئیلخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی دەڵێت، ژمارەیەکی زۆر ئاوارەی تورکمان هەن تا ئێستا نەگەڕاونەوە ناوچەکانی خۆیان و هەر لە هەلێرن.

کریستیانەکانیش بەهەمان شێوە، ئەو مافانەی لە هەرێمی کوردستان بۆیان دەستەبەر کراوە، لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بەپێچەوانەوە تەنانەت مافەکانیشیان پێشێل دەکرێت، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لە هەرێمی کوردستان هەست بە ئارامی بکەن.

نەوزاد پۆڵس، سەرۆکی رێکخراوی "سورایا" گوتی: "له‌ ئارامی و سه‌قامگیریدا جیاوازییه‌كی زۆر هه‌یه‌، له‌ هه‌رێمی كوردستان پێكهاته‌كان به‌ ئازادی ده‌ژین و هه‌موو مافێكیان بۆ ده‌سته‌به‌ر كراوه‌، به‌ ئازادی رای خۆیان ده‌رده‌بڕن، به‌ڵام له‌ عێراق پێكهاته‌كان مه‌ترسیان له‌ گه‌ڕانه‌وه‌یان هه‌یه‌".

لەبەر ئەو پێکەوەژیانە ئایینی و نەتەوەییەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە، پێکهاتەکان دەخوازن ژمارەی پەرلەمانتارانی کوردستان لە بەغدا بەرزتربێتەوە، بۆ ئەوەی لەوێ بەرگری لە مافی پێکهاتەکان بکەن.

د.ی