پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت تا 100 دۆلار بەرزبێتەوە

به‌هۆی خواسته‌وه‌ نرخی نه‌وت زیاتر به‌رز ده‌بێته‌وه‌
نرخی نه‌وت به‌رز ده‌بێته‌وه‌
نرخی نه‌وت به‌رز ده‌بێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

پێشبینی دەکرێت تاوەکو سەرەتاکانی 2022 بەهۆی زۆری خواست نرخی نەوت بەرزبێتەوە، بانکی گۆڵدمان ساکس پێشبینی دەکات نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 90 تاوەکو 100 دۆلار بەرزبێتەوە.

هەروەها بەرهەمهێنەران و مامەڵەکارانی کەرتی نەوتیش پێشبینی دەکەن، خواست بۆ نەوت لە سەرەتاکانی ساڵی داهاتوو بگەڕێتەوە بەر لە ئاستی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

لە پەراوێزی کۆڕبەندی پلاتس بۆ پێترۆل لە ئاسیا و زەریای هێمن، بەشداربووان پێشبینی دەکەن، کە سەرەڕای ژمارەی تووشبووان بە پەتای کۆرۆنا کە زیانی بە خواست گەیاندووە، بە تایبەت لە هەندێک بەرهەم وەک سووتەمەنی فڕۆکە، بەڵام بەکارهێنانی بەنزین و گازوایل زیادیکردووە.

لە هەمان کاتدا، ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزە پێشبینی دەکات، لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵ خواست بۆ نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو زیادبکات، بۆ پێشبینییەکەش پشتی بە دابەشکردنی پێکووتەی کۆرۆنا بەستووە.

بەگوێرەی پێشبینییەکانی ئەو ئاژانسە، خواست لە 2021 رۆژانە 96.1 ملیۆن بەرمیل و لە 2022 رۆژانە 99.4 ملیۆن بەرمیل نەوت دەبێت. لە کاتێکدا خواست لە 2020 بەهۆی پەتای کۆرۆناوە بۆ 90 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە دابەزی.