تۆماس توخێل زنجیره‌یه‌ك هه‌واڵی ناخۆشی پێگه‌یشت

تۆماس توخێل راهێنه‌ری چێڵسی له‌گه‌ڵ لوكاكۆی هێرشبه‌ری به‌لجیكی یانه‌كه‌ی
تۆماس توخێل راهێنه‌ری چێڵسی له‌گه‌ڵ لوكاكۆی هێرشبه‌ری به‌لجیكی یانه‌كه‌ی

یاریگای ئالیانز ستادیۆم میوانداریی یارییەکی بەهێزی گەڕی دووەمی چامپیۆنزلیگ دەکات و یوڤێنتۆس رووبەڕووی چێڵسی دەبێتەوە، توخێل بۆ ئه‌م یارییه‌ 4 ئه‌ستێره‌ی له‌ده‌ستداوه‌، دوایین نگۆڵۆ كانتی مایسترۆی یانه‌كه‌ بوو.

چوارشه‌ممه‌ له‌ كاتژمێر 10:00ـی شه‌و، یوڤێنتۆس بە سەرکردایەتی ماسیمیلیانۆ ئالێگری چاوی لە سەرکەوتن و سێ خاڵ و گەیشتنە بە قۆناغی داهاتوو کە ئەم یانەیە لە یەکەم یاریدا توانی بە سێ گۆڵی خاوێن لە مالمۆی سویدی بباتەوە.

خانمە پیرەکە لە کاتێکدا ئەم یارییە بەرامبەر پاڵەوانی وەرزی رابردوو دەکات، لە خولی نێوخۆیی بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕ دەبێت، لە کۆی شەش یاریی تەنیا دوو بردنەوەی بەدەستهێناوە، دوو یارییشی دۆڕاندووە و دوو یەکسانبوونیشی تۆمار کردووە و بە هەشت خاڵ لە ناوەڕاستی ریزبەندی دەبینریت.

پاولۆ دیبالا و ئالڤارۆ مۆراتا لە یاریی رابردووی یانەکەیان تووشی پێکان بوون و بۆ ئەم یارییە ئامادە نابن.

یوڤێنتۆس لە دوایین حەوت یاریی لە چامپیۆنزلیگ شەش بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە هەر یارییەکیشدا بەلایەنی کەمەوە دوو گۆڵی کردووە، لە دواین سێ یاریشدا بەرامبەر چێڵسی لە هەر یارییەکدا بەلایەنی کەمەوە دوو گۆڵی کردووە.

لە بەرامبەردا چێڵسی بەبێ کۆمەڵێک یاریزانی دەچێتە جەنگی ئالیانز ستادیۆم و لە هەڵمەتی پارێزگاریکردن لە ناسناوی چامیپنزلیگ ئەمجارە بەبێ پۆلیسیچ و مەیسن ماونت و ریس جەیمس یاریی دەکات.

 لە بێبەختی تۆماس توخێلی راهێنەریش رۆژێک بەر لەم یارییە کۆرۆنا یەخەی نگۆلۆ کانتێی گرت و لە ئەنجامی پشکنینەکان دەرکەوت ئەم یاریزانە فەرەنسیە تووشی کۆرۆنا بووە و بۆ ماوه‌ی 2 هه‌فته‌ له‌ یاریكردن داده‌بڕێت.

چێڵسی لە دوایین سێ یاریی لە چامپیۆنزلیگ بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە دوایین هەشت یاریشدا لە شەشیان پاریزگاری لە خاوێنی گۆڵەکەی کردووە, بلوز دەیەوێت قەرەبووی شکستەکەی گەڕی رابردووی پرێمەرلیگ بکاتەوە کە لە بەرامبەر مانچێستەر سیتی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر دۆڕا.

تۆماس توخێل راهێنه‌ری ئه‌ڵمانی یانه‌ی چێڵسی له‌ پرێس كۆنفرانسێكدا پێش یارییه‌كه‌ی سبه‌ی به‌رامبه‌ر یوڤێنتۆس ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ یوڤێنتۆس سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ له‌ خولی نێوخۆیی ئه‌نجامه‌كانی باش نییه‌، به‌ڵام ئه‌و تیپه‌ گه‌وره‌یه‌ و خاوه‌ن مێژووه‌ و جێگه‌ی ترسن.

توخێل ده‌شڵێت: ئێمه‌ هه‌ڵگری نازناوی چامپیۆنزلیگین، بۆیه‌ پێویسته‌ زۆر به‌ وریایی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یوڤی بكه‌ین و نابێت هه‌ڵه‌ بكه‌ین.