دوای شکاندنی ئاستی 80 دۆلار نرخی نەوت دابەزی

نرخی نەوتی برێنت رێژەی 0.6٪ بۆ 79.09 دۆلار دابەزی

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی نرخی نەوت، پاش سێ ساڵ ئاستی 80 دۆلاری شکاند، بەڵام جارێکی دیکە دابەزی کۆتایی بەو بەرزبوونەوە بەهێزەی پێنج رۆژی مامەڵەی لەسەر یەک هێنا. بەشێک لە بازرگانان دەستیان بە پڕۆسەی فرۆشتن کرد، بۆ ئەوەی قازانجی ئەو بەرزبوونەوەی چەند رۆژی رابردوو کۆبکەنەوە.

نرخی نەوتی برێنتی پێوانەیی لە گرێبەستەکانی داهاتووی بە رێژەی 0.6٪ بۆ 79.09 دۆلار دابەزی، لە کاتێکدا لە مامەڵەکانی دوێنی سێشەممەدا بۆ 80.75 دۆلار بەرزبووەوە.

نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش لە گرێبەستەکانی داهاتووی بەرێژەی 0.2٪ بۆ 75.29 دۆلار دابەزی، لە کاتێکدا لە مامەڵەکانی دوێنێ سێشەممەدا بۆ 76.67 دۆلار بەرزبووەوە.

لە هەمان کاتدا رێکخراوی ئۆپێک پێشبینی دەکات، خواست بۆ نەوت لە چەند ساڵی ئایندە بگەشێتەوە، هەروەها وڵاتانی ئۆپێک پڵەس، بەهۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەردەمی پەتای کۆرۆنا ئاستی بەرهەمهێنانیان کەمکردووە، ئێستاش لەگەڵ زیادبوونی خواست دووچاری ئاڵنگاری زیادکردنی بەرهەمهێنان بوونەتەوە.

چەند سەرچاوەیەک لە کۆمپانیاکانی نەوتی لە نێجیریا و ئەنگۆلا ئاماژەیان بەوەداوە، کە ئەو دوو وڵاتە نەوتیە ئەفریقییە تاوەکو ساڵی داهاتوو ناتوانن ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرزبکەنەوە، هۆکارەکەشی بۆ کەمی وەبەرهێنان و کێشەکانی پەیوەست چاککردنەوەی بیرە نەوتەکان دەگەڕێتەوە.