رێگە بە تووشبووانی کۆرۆنا نادرێت دەنگ بدەن

"بنکەکانی دەنگدان بە دەرمانی دژە ڤایرۆس دەڕشێندرێن"
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای دەکات، رێگە نادرێت تووشبووانی کۆرۆنا بەشداری دەنگدان بکەن.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئامادەکاری تەواو بۆ دەنگدانی تایبەت کراوە، بەڵام تووشبووانی کۆرۆنا ئەوانەی لە نەخۆشخانەکان لەژێر چارەسەر دان، مافی ئەوەیان پێنادرێت رۆژی دەنگدان دەنگ بدەن.

گوتیشی "بۆ کەسانی نەخۆش و خاوەن پێداویستی تایبەت، یارمەتی هەیە لە بنکەکانی دەنگدان تا دەنگ دەدەن".

وتەبێژی کۆمسیۆن ئاماژە بەوەشدا، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرگری شارستانی، رۆژێک پێش رۆژی دەنگدان، بنکەکانی دەنگدان بە دەرمانی دژە ڤایرۆس دەڕشێندرێن، بۆ رێگرتن لە تەشەنەکردن و گواستنەوەی کۆرۆنا.

دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق 8ی ئۆکتۆبەر و دەنگدانی گشتی 10ی ئۆکتۆبەری داهاتوو بەڕێوەدەچێت.