سه‌رۆكی پارتی گه‌شه‌پێدانی توركمانی: توركمانه‌كان ده‌نگ به‌ پارتی ده‌ده‌ن

"توركمانه‌كان هاوپه‌یمانێتییه‌كی دێرینیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی پارتی و بارزانی، بۆیه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌نگ به‌ پارتی ده‌ده‌ین"
محه‌مه‌د ئێلخانی سه‌رۆكی پارتی گه‌شه‌پێدانی توركمانی
محه‌مه‌د ئێلخانی سه‌رۆكی پارتی گه‌شه‌پێدانی توركمانی

K24 – هه‌ولێر:

حزب و لایەنه‌ تورکمانییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق رایانگەیاند، لە هەڵبژاردنی پێشوەختە  بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەدەن.

لە بەیاننامەیەکدا 19 حزب و لایەنه‌ تورکمانییەکان ئاماژەیانپێدا، نوێنەران و حزب و لایەنە تورکمانییەکان، وەک پێکهاتەیەکی رەسەنی هەرێم، لە هەموو قۆناغە سەختەکانی کوردستان رۆڵێکی گرنگیان هەبووە، لە پاراستنی پێگەی خۆیان و بەرژەوەندی گشتی.

له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، لەم کاتەدا کە هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەیە و پەیوەندییەکی راستەوخۆی هەیە بە پێگەی هەرێم لە عێراق، لەبەر ئەوەی حزب و لایەنە تورکمانییەکان هیچ کاندیدێکیان نییە بۆ هەڵبژاردنەکانی پێشوه‌خته‌ی عێراق، بڕیارماندا دەنگ بە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان بدەین، ئەمەش وەک خزمەتکردن بەو پێکەوەژیانەیە کە لە هەرێمی کوردستان هەیە.

له‌مباره‌یه‌وه‌ محه‌مه‌د ئێلخانی سه‌رۆكی پارتی گه‌شه‌پێدانی توركمانی به‌ كوردستان 24ـی راگه‌یاند، هه‌ڵبژاردن قه‌ده‌ری هه‌رێمی كوردستان دیاری ده‌كات، بۆیه‌ به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندی ولاته‌كه‌مان ده‌نگ ده‌ده‌ین.

راشیگه‌یاند، توركمانه‌كان هاوپه‌یمانێتییه‌كی دێرینیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی پارتی و بارزانی، بۆیه‌ له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا ده‌نگ به‌ پارتی ده‌ده‌ین.