بەهای لیرەی تورکی بۆ کەمترین ئاست دادەبەزێت

لە 9 مانگدا %16 بەهاکەی لەدەستداوە
لیرەی توركی و دۆلاری ئەمەریكی
لیرەی توركی و دۆلاری ئەمەریكی

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی بانکی ناوەندی تورکیا بە شێوەیەکی لە ناکاو رێژەی سوودی دابەزاند، بەهای لیرە بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە مێژوودا دابەزی.

بەهای دراوی تورکی بەرامبەر دۆلارێک بۆ 8.9996 لیرە دابەزی، بەوەش ئەو دراوە تورکییە لەسەرەتای ئەمساڵەوە %16  بەهاکەی لەدەستداوە، هەروەها لە پێنج ساڵی رابردوویدا ئەو دراوە تورکیە دوو لەسەر سێی بەهاکەی لەدەستداوە.

لە لایەکی دیکەشەوە، بە گوێرەی داتاکانی پەیمانگەی ئاماری تورکیا، کورتهێنانی بازرگانی وڵاتەکە لەسەر بنەمای ساڵانە لە مانگی ئابدا بە رێژەی 32.4٪ بۆ 4.259 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە.

دوای دەرهاویشتە نەرێنییەکانی پەتای کۆرۆنا و گرتنەبەری رێوشوێنەکان، هەناردەی تورکیا بە رێژەی 51.9٪ و هاوردە بە رێژەی 23.6٪ بەراورد بە ئابی 2020 بەرزبووەتەوە.

هەروەها لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵ، کورتهێنانی بازرگانی بە رێژەی 9.8٪ بۆ 29.78 ملیار دۆلار بەراورد بە هەمان ماوەی 2020 کەمی کردووە.