حکومەتی هەرێم ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەرە بیانییەکان دەکات

وەبەرهێنەرێک: 20 ساڵە لە کوردستان کار دەکەم و زۆر ئاسوودەم
یەکێک لە پڕۆژەکان لە هەولێر
یەکێک لە پڕۆژەکان لە هەولێر

K24 - هەولێر

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەیەوێت زۆرترین کۆمپانیای بیانی بهێنێتە کوردستان و دەرفەتی وەبەرهێنانیان بۆ بڕەخسێنێت، لەو رووەشەوە کارئاسانیی زۆری کردووە و چەندین بڕیاری لە بەرژوەندی وەبەرهێنان دەرکردووە، وەبەرهێنەرانی بیانیش سوودیان لەو دەرفەتانە وەرگرتووە.

سەبری ئۆزەل، وەبەرهێنەرێکی تورکیایە و خەڵکی باکووری کوردستانە، زیاتر لە 20 ساڵە سەرمایەگوزاری لە هەرێمی کوردستان دەکات، ئەو بە کوردستان24ی گوت: "ماوەی 20 ساڵە لە هەرێمی کوردستانم زۆر ئاسوودەم، دەرفەتی گەورە هەیە سەرمایەداران بێنە کوردستان و وەبەرهێنان بکەن، بۆیە داوا لە هەموو سەرمایەداران دەکەم بێنە کوردستان و وەبەرهێنان بکەن".

حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستەی وەبەرهێنانی راسپاردووە کە زۆرترین ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنە ناوخۆیی و بیانییەکان بکات بۆ سەرمایەگوزاری، دەستەی وەبەرهێنان لە رێی کوردستان24ەوە داوا لە  وەبەرهێنەرانی بیانی دەکات بێنە هەرێمی کوردستان و دەستپێبکەن، لە رێگەی زیاتر لە 1300 پڕۆژە لە بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵی و گەشتیاریدایە و هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکرێت، تا وەبەرهێنان بکەن و ئەو پڕۆژانە ئەنجام بدەن کە پێویستن بۆ پێشخستنی کوردستان.

موخلیس سەلیم، بەڕێوەبەری گشتی کارگێڕی و یاسایی دەستەی وەبەرهێنان دەڵێت: "داوا لە هەموو وەبەر‌هێنەران بەتایبەتی وەبەرهێنەرانی تورکیا دەکەین بێنە کوردستان و ئێمە هەموو ئاسانکارییەکیان بۆ دەکەین".

روونیکردەوە: "گرنگی بە سێ سێکتەری جیاواز دەدەین کە بریتین لە پیشەوسازی، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار، وەبەر‌هێنەرانی بیانی دەتوانن بێن لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن".

بەهۆی هەنگاوەکانی چاکسازی و ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرهێنەران و هەڵگرتنی لەمپەرەکانی بەردەم سەرمایەگوزاری، ئاستی وەبەرهێنان لە کوردستان فراوانتر دەبێت. تورکیاش بەشێکی گەورەی لەو کەرتە هەیە بە جۆرێک 15 پڕۆژەی تورکی لە هەرێمی کوردستان لەسەر رووبەری 1374 دۆنم، بە سەرمایەی زیاتر لە 1.229 ملیار دۆلار لە بوارەکانی نیشتەجێکردن و پیشەسازی گەشتیاری و تەندروستی کاردەکەن، جگە لە پڕۆژەی هاوبەش کە ئەویش بە سەرمایەی 271.268 ملیۆن دۆلارە.