داوا لە بایدن دەکرێت دژی ئەردۆغان بێتە دەنگ
K24 - هەولێر
10 سیناتۆری ئەمەریکا داوا لە بایدن دەکەن، پێشێلکارییەکانی سەرۆک کۆماری تورکیا بەرامبەر کورد بە توندی سەرکۆنە بکات و سنوورێکی بۆ دابنێت.
10 سیناتۆری کۆماری و دیموکرات، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، نامەیەکیان بۆ جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ناردووە دەربارەی پێشێلکردنی مافەکانی کورد لەلایەن ئەردۆغانەوە. نامەکە بە سەرپەرشتی سیناتۆر کریس ڤان هۆلن لە دیموکراتەکان و جەیمس لانکفۆرد لە کۆمارییەکان ئاراستەی بایدن کراوە.
لە نامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هەدەپە سێیەم پارتی تورکیایە و ئێستا دەسەڵات لە هەوڵی داخستنیدایە، داوا لە بایدن دەکەن لەوبارەوە ئەردۆغان ئاگادار بکرێتەوە و ئەگەر هەدەپە دابخرێت و فشارەکانی سەر کورد بەردەوام بن، دەرەنجامی زۆر خراپی دەبێت.
داواش دەکەن فشار بخرێتە سەر تورکیا، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا و ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە.