نرخی نەوت لە لوتکەی سێ ساڵی رابردووی جێگیر دەبێت

پێشبینی دەکرێت نرخی نەوت بگاتە 90 دۆلار
كه‌رتی نه‌وت
كه‌رتی نه‌وت

K24 - هەولێر

نرخی نەوت لە مامەڵەکانی رۆژی هەینیدا بەرزبووەوە و لە سەرووی ئاستی سێ ساڵی رابردووی جێگیر بوو. بازرگانان چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی وڵاتانی ئۆپێک پڵەس لەبارەی بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان دەکەن. هەرچەندە پێشبینی دەکرێت لە کۆبوونەوەی وەزیرانی ئۆپێک پڵەس ئاستی بەرهەمهێنان وەک خۆی جێگیر بکرێتەوە.

 لە لایەکی دیکەشەوە بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی گازی سرووشتی خواستی بۆ نەوت بەرزکردووەتەوە، بەوەی وڵاتان ناچارن بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا نەوت لەبری گازی سرووشتی بەکاربهێنن.

نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنتی پێوانەیی بەرێژەی 1.2٪ بۆ 79.28 دۆلار بەرزبووەوە، بەوەش بۆ چوارەمین هەفتەی مامەڵەکردن لەسەر یەک بەرزبوونەوەی تۆمارکرد.

نرخی بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تێکساسیش بە رێژەی سەدا 1.13 بۆ 75.88 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرزبووەوە، کە بۆ شەشەمین هەفتەی لەسەر یەک بەرزبوونەوەی تۆمارکرد.

بڕیارە رۆژی دووشەممە وڵاتانی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی ئۆپێک پڵەس کۆببەنەوە، کار بۆ ئەوە دەکەن بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنان بەشێوەی پلە بە پلە هەڵبوەشێننەوە کە ساڵی رابردوو لەسەری رێککەوتبوون، بەڵام هەندێک سەرچاوەی دیکە ئاماژەیان بەوەداوە، وڵاتانی ئۆپێک پڵەس پێچەوانەی ئەو هەوڵە کاردەکەن.

ئێدوارد مۆیا، گەورە راوێژکاری بازاڕەکان لە ئاواندا دەڵێ "ئەگەر وڵاتانی ئۆپێک پڵەس پابەند بن بە رێککەوتنی نێوانیان و بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە مانگی تشرینی دووەمدا بەرزبکەنەوە، ئەوا نرخی نەوت بۆ 90 دۆلار بەرزدەبێتەوە، بەڵام هەر بەرزکردنەوەیەک کەمتر بێت لە 600 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە ئەوا نرخی نەوت زۆر بەرزتر دەبێتەوە".