لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەت قوتابخانەیەکی دیکەی 18 پۆلی لە هەولێر کرایەوە

وەزیری پەروەردە: پڕۆژەکانی دروستکردنی قوتابخانە و دامەزراوە پەروەردەییەکان تەواو دەکرێن
قوتابخانەی دواناوەندی گەوهەری کچان، لە گەڕەکی گەلاوێژی شاری هەولێر 2/10/2021کرایەوە
قوتابخانەی دواناوەندی گەوهەری کچان، لە گەڕەکی گەلاوێژی شاری هەولێر 2/10/2021کرایەوە

K24 - هەولێر

لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ 2/10/2021، قوتابخانەیەکی 18  پۆلی بە بڕی زیاتر لە 2 ملیار دینار، لە گەڕەکی گەلاوێژی شاری هەولێر کرایەوە.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی رێوڕەسمی کردنەوەی قوتابخانەکە لە گوتارێکدا گوتی: "کاروانی ئاوەدانی حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت، دڵنیایی دەدەین پڕۆژەکانی دروستکردنی قوتابخانە و دامەزراوە پەروەردەییەکان، کە بەهۆی قەیرانی دارایی تەواو نەکراون، بەشێوەیەکی باش لەلایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری دەکرێت بۆ تەواوکردنیان، جگە لەوەش پرۆژەی دیکەمان لەبەردەستە بۆ تەواوکردنی چەندین قوتابخانەی دیکە. هەفتەی رابردووش قوتابخانەیەکمان لە هەولێر کردەوە، ئەم کاروانە لە هەموو شار و شارۆچکەکان بەردەوام دەبێت، لە مانگی رابردووش سەرۆکی حکومەت بڕیاری تەواوکردنی قوتابخانەیەکی 18 لە چەمچەماڵ و قوتابخانەیەکی دیکەش لە بازیان دا".

وەزیری پەروەردە، جەختیکردەوە، دەبێ جێبەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا چڕتر بکرێت و پێویستە مامۆستایان زیاتر بەدەم وەرگرتنی ڤاکسینەوە بێن.