به‌ریتانیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سووتەمەنی سوپا بەکاردەهێنێت

"کڕینی بەنزین لە بەریتانیا ئه‌ستەم بووە"
ماتۆڕسوارێك له‌ وێستگه‌یه‌كی ناوچه‌ی له‌یتنی رۆژهه‌ڵاتی له‌نده‌ن به‌نزین له‌ ماتۆڕسیكله‌كه‌ی ده‌كات - فۆتۆ: AFP
ماتۆڕسوارێك له‌ وێستگه‌یه‌كی ناوچه‌ی له‌یتنی رۆژهه‌ڵاتی له‌نده‌ن به‌نزین له‌ ماتۆڕسیكله‌كه‌ی ده‌كات - فۆتۆ: AFP

K24 - هه‌ولێر:

حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، بە ئامانجی چارەسەرکردنی کێشەی سووتەمەنی و دابینکردنی شۆفێری بارهەڵگر، نزیکەی 200 سەرباز بڵاوەپێدەکەن، لە نێویاندا 100 شۆفێری بارهەڵگری سەربازی هەن.

تاوەکو درەنگانی شەوی هەینی بەشێکی زۆری بەنزینخانەکانی بەریتانیا کێشەی کەمی بەنزینیان هەبوو. ئەم قەیرانەش نزیکەی هەفتەیەکە لە وڵاتەکە درێژەی کێشاوە، کڕینی بەنزین لە بەریتانیا ئه‌ستەم بووە، چەندین شەڕ و پێکدادان لە بەنزینخانەکان روویداوە، تەنانەت بەشێک لە شۆفێران بەنزین لە شووشەی ئاودا هەڵدەگرن، هۆکاری سەرەکیش کەمی ژمارەی شۆفێرانی بارهەڵگرە لە وڵاتەکە.

سەرەڕای ئەوەی بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە لە دەستپێکی قەیرانەکەوە پەیمانیداوە کە ئەو کێشەیە چارەسەر دەکەن و درێژە ناکێشێت، بەڵام بازرگانان دەڵێن زیاتر لە دوو هەزار وێستگە بەهۆی نەبوونی بەنزینەوە لە تەواوی وڵاتەکە داخراون. هەروەها پەیامنێری رۆیتەرز ئاشکرای دەکات، لە تەواوی لەندەن و باشووری ئینگلتەرا دەیان وێستگە بە داخراوی ماونەتەوە.

بێن واڵاس وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی دۆخەکە بەرەو سەقامگیری دەڕوات، بەڵام هێزەکانیان لە ئامادەباشیدان بۆ پڕکردنەوە بۆشایی کەمی ژمارەی شۆفێرانی بارهەڵگر، بۆ ئەوەی جووڵەی گواستنەوەی بازرگانی و تانكه‌ره‌كانی سووته‌مه‌نی لە وڵاتەکە ئاسایی بێتەوە و بەنزینی پێویست هاوردە بکەن.

ئەمە لە کاتێکدایە، یەکشەممەی هەفتەی رابردوو، حکومەتی بەریتانیا رایگەیاندبوو، بۆ چارەسەرکردنی کەمی ژمارەی شۆفێر، پلانیان هەیە ڤیزای کاتی بۆ پێنج هەزار شۆفێری بارهەڵگری بیانی و پێنج هەزار و 500 کرێکاری پەلەوه‌رگەکان دابین بکەن.