هيلارى و تره‌مپ هێرشه‌كانيان بۆ سه‌ر يه‌ك چڕتر ده‌كه‌نه‌وه‌

تڕەمپیش لە وەڵامدا دەڵێ ھیلارى ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، بەمانایی کۆتایی ھاتنی وڵاتێکە بەناوی ئەمریکاوە.
https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/ed7b5d51-aff0-4b12-8bd4-6efc2d8c7717/Shari%20Trump%20u%20Clinton.ism/manifest

K24 – هه‌ولێر:

پڕوپاگه‌ندەی ھەڵبژاردنی سه‌رۆكايه‌تى ئەمریکا چووە قۆناغێکی دیکەوە و ھیلاری کلینتۆنی کاندیدی دیموکراتەکان، ھێرشى كرده‌ سەر دۆناڵد تڕەمپی کاندیدی کۆمارییەکان و تڕەمپیش لە وەڵامدا دەڵێ ھیلارى ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، بەمانایی کۆتایی ھاتنی وڵاتێکە بەناوی ئەمریکاوە.

شەڕە قسە و راگەیاندنەکانی نێوان کاندیدانی پارتی کۆماریی و دیموکراتەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا قووڵ دەبێتەوە و ھیلاری کلینتۆن، دەڵێ دۆناڵد تڕەمپ کەسێک نییە، متمانەی پێ بکەیت و سەرۆکایەتی وڵاتێکی وەکو ئەمریکا بکات و تڕەمپیش لە بەرامبەردا دەڵێ، چوار ساڵی سەرۆکایەتی کلینتۆن، ئەنجامەکەی نەمانی ئەمریکا دەبێت.

ھەڵمەتی ھەڵبژاردن بۆ دیارییکردنی سەرۆکی داھاتووی بەھێزترین وڵات لە جیھاندا، چڕتر دەبێتەوە و لێدوانە توندەکانی ھەردوو کانیدیدش زیاد دەکەن و زۆرترین قسەکانیش لەبارەی سیاسەتی دەرەکی کلینتۆن و تڕەمپە کە چاودێران پێیانوایە، لەو خاڵەدا کلینتۆن، لە پێشەوەی تڕەمپە.

سەرەتا ھێرشەکان لەلایەن ھیلاری کلینتۆنەوە دەستیپێکرد و رایگەیاند، تڕەمپ کەسێکی شیاو نییە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا و وڵاتەکە بەرەو ئاقارێکی مەترسیدار دەبات.

ھیلاری گوتى: "تڕەمپ کەسێک نییە ئامادە بێت بۆ ئەو پۆستە و توانای ئەوەی نییە وڵاتێکی وەکو ئەمریکا بەڕێوەبەرێت. تڕەمپ کەسێک نییە کۆدی چەکی ناوەکی بەدەست بێت و ھیچیش نامۆ نییە ئەگەر لەسایەی تڕەمپ، ئەمریکا دووچاری چەندین جەنگ ببێتەوە. ئەو شتایشی دیکتاتۆرێکی وەکو ڤلادیمێیر پوتن دەکات و شەڕیش لەگەڵ ھاوپەیمانەکانمان دەکات وەکو سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، شارەداری لەندەن، راوێژکاری ئەڵمانیا، پاپای ڤاتیکان و سەرۆکی مەکسیک".

لەلای خۆیەوە، تڕەمپ وەڵامی تۆمەتەکانی کلینتۆنی دایەوە و گوتى: ئەگەر کلینتۆن بۆ ماوەی چوار ساڵ سەرۆکایەتی کۆشکی سپی بکات، ئەوا وڵاتێک بەناوی ئەمریکاوە نامێنێت.

گوتيشى: "کاتێک تەماشای ھیلاری کلینتۆن دەکەیت گوتار دەدات و باسی سیاسەتی دەرەکی دەکات، ئەوە وێنەیەکی گونجاو نییە، چونکە گوتارەکانی ھیچ په‌يوەندی بە یەکترییەوە نییە. ھیلاری لە کاندیدی سەرۆکایەتی ناچێت. ئەگەر چوار ساڵ ھیلاری سەرۆک بێت، باوەڕم پێ بکەن، شتێک نامێنێت بەناوی ئەمریکاوە".

ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەمریکا نزیکەی پێنچ مانگی ماوە، بەڵام ئەوەش رێگرنەبووە لەوەی کاندیدەکان ھێرشەکانیان بۆ سەر یەکتر چڕ نەکەنەوە و ئێستاش ئەمریکا و تەواوی جیھان چاوەڕێن، کام لە ھیلاری و تڕەمپ لەماوەی ئەو پێنچ مانگەدا زۆرترین لایەنگر بۆ خۆیان کۆدەکەنەوە.