وڵاتێك شەش سفری سەر دراوەکه‌ی هەڵگرت

لە ماوەی 13 ساڵدا 14 سفری لەسەر دراوەکەی هەڵگرتووە
به‌ر له‌و هه‌نگاوه‌، یه‌ك دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌رامبه‌ر به‌ 4 ملیۆن 180 هەزار بۆلیڤار بووه‌
به‌ر له‌و هه‌نگاوه‌، یه‌ك دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌رامبه‌ر به‌ 4 ملیۆن 180 هەزار بۆلیڤار بووه‌

K24- هه‌ولێر:

سەرەڕای بەردەوامی قەیرانی دارایی و ئابووری و نەختینەیی و لە سەرووشیانەوە سزاکانی ئەمه‌ریکا، کاراکاس شەش سفری لەسەر دراوەکەی لادا، بەمەش بەهای دۆلارێك لە 4 ملیۆن 180 هەزار بۆلیڤارەوە بۆ تەنیا 4.18 بۆلیڤار دابەزی.

ئامانجی سەرەکی ئەو هەوڵەی حکومەتی ڤەنزوێلا چارەسەرکردنی قەیرانی هەڵاوسان و ئاسانکاری مامەڵەی هاووڵاتیانە.

دوای لابردنی ئەو سفرانەش بانکی ناوەندی ڤەنزوێلا رایگەیاند، هەر مامەڵەیەک کە لەمەولا دەکرێت، پێویستە دابەشی ملیۆن بکرێت.

ئەوەش بە سێیەم چاکسازی کاغەزە نەختینەییەکان لە 13 ساڵی رابردووی ڤەنزوێلا دادەندرێت، واتە لە ساڵی 2008ـەوە 14 سفر لەسەر دراوی وڵاتەکە لادراوە.

جێگەی ئاماژەیە، هەشتەمین ساڵە کاراکاس رووبەڕووی داکەوتنی ئابووری و بەرزی رێژەی هەڵاوسان دەبێتەوە، بە گوێرەی داتاکانی بانکی ناوەندی ڤەنزوێلا، رێژەی هەڵاوسان بە رێژەی سەدا 3000 لە ساڵی 2020 بەرزبووەوە، بەراورد بە ساڵی پێش خۆشی بە رێژەی سەدا 9500 بەرزبووەوە.

پێشبینی دەکرێت لەمساڵدا رێژەی هەڵاوسان بگاتە سەدا 1600.

هاوکات سەرەڕای ئەوەی مانگی ئایاری رابردوو، حکومەت ئاستی کەمترین مووچەی مانگانەی سێ هێندە بەرزکردەوە، بەڵام نەیتوانی هاوکار بێت تاوەکو هاووڵاتییان بتوانن کیلۆیەک گۆشت بکڕن.

 

د.ی