گرفتی بەرزبوونەوەی نرخی غاز چارەسەر دەکرێت

هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی غاز دەخرێتەڕوو
دابەشکردنی غاز - ئەرشیف
دابەشکردنی غاز - ئەرشیف

K24 - هەولێر

پارێزگاری هەولێر ئاشکرای دەکات، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی غاز بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەو کۆمپانیایەی غاز دابین دەکات گرێبەستی لەگەڵ وڵاتێکی دیکە هەیە. راشیگەیاند، هەوڵەکان بەردەوامن و لە ئایندەیەکی نزیکدا گرفتەکە چارەسەر دەکرێت.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی غازی ماڵان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "گرفتی غاز تەنها لە هەولێر نییە، لە هەرێمی کوردستان بە گشتی نرخەکەی بەرزبووەتەوە، ئێمە بەردەوام لەگەڵ بەڕێوەبەری نەوت و گانزاکان قسەمان کردووە، تەنانەت رێگاشمان کردووەتەوە، کە لە جێگای دیکەش غاز بگاتە هەولێر".

گوتیشی: "گرفتەکە پەیوەندی بەوەوە هەیە، ئەو کۆمپانیایەی کە غاز دابین دەکات گرێبەستی لەگەڵ وڵاتێکی دیکە هەیە و بەشێک لەو غازە بۆ ئەو وڵاتە دەچێت، لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان قسەمان کردووە و رێگەنادەین ئەو گرفتە بەردەوام بێت، دەبێ کاتێک رێگە بدرێت کۆمپانیاکە غاز بۆ ئەو وڵاتە ببات، کە بەشی پێداویستی هەرێمی کوردستان غاز دابین بکات".

پارێزگای هەولێر، راشیگەیاند: "هەوڵەکان بەردەوامن، لەو بروایەدام لە دوو رۆژی داهاتوودا کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی غاز چارەسەر بکرێت. ئەگەر لە دوو رۆژی رابردوودا هەندێک ئیجرائات نەکرابا، نرخی ‌غاز لە ئێستا زۆر گرانتر دەبوو".