پیاوێك له‌به‌ر هۆكارێكی سه‌یر هاوسه‌ره‌كه‌ی خۆی ده‌كوژێت
K24 - هه‌ولێر:
پیاوێك له دیمه‌شقی پایته‌ختی سووریا له‌به‌ر هۆكارێكی سه‌یری له ژنه‌كه‌ی توڕه ده‌بێت و ته‌قه‌ی لێده‌كات، دوای برینداربوونی هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌یباته نه‌خۆشخانه، له‌وێ ده‌ڵێت له‌سه‌ر شه‌قام گوللـه‌ی وێڵ برینداری كردووه، دواتر بۆ شاردنه‌وه‌ی شوێنه‌واری تاوانه‌كه‌ی، ده‌رگای ژووری نووستنه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت و ژماره‌یه‌ك هاوڕێشی شاهێدی به درۆی بۆ ده‌ده‌ن.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی سووریا ورده‌كاری تاوانه‌كه‌ی ئاشكرا كرد، بنكه‌ی پۆلسی "سه‌یده زه‌ینه‌ب"، له دیمه‌شق لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر رووداوێك كردووه، كه ژنێك ته‌مه‌نی 30 ساڵه و دوای بیرنداربوونی له نه‌خۆشخانه گیانی له‌ده‌ستداوه، هۆكاری مردنه‌كه‌شی به‌هۆی پێكانی بووه به گوللـه‌كی وێڵ له‌سه‌ر شه‌قام، هه‌ر وه‌ك شاهیده‌كان ئاماژه‌یان بۆ كردووه و بۆ نه‌خۆشخانه هێناوه‌یانه.
ئاماژه به‌وه‌ش كراوه، له‌چوارچێوه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی زانیارییه‌كان له‌لایه‌ن پۆلیسی ناحیه‌ی بیبلا، كوژاوه‌كه له‌سه‌ر شه‌قامی گوللـه‌ی به‌رنه‌كه‌وتووه، هه‌ر وه‌ك هاوسه‌ره‌كه‌ی بۆ پۆلیس ئه‌مه‌ی گوتووه، بانگی شاهێده‌كانیش كراوه، ئه‌وانیش گوتوویانه ژنه‌كه له‌سه‌ر شه‌قام رۆیشتووه و گوللـه‌ی به‌ركه‌وتووه، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌كانیان رووبه‌ڕوو كرایه‌وه، دانیان به‌وه نا، كه كوژراوه‌كه له‌لایه‌ن هاوسه‌ره‌كه‌یه‌وه ته‌قه‌ی لێكراوه و به درۆ شاهێدییان داوه، بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له هاوڕێیه‌كه‌یان بكه‌ن.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی سووریا له به‌یاننامه‌یه‌كدا روونیكرده‌وه، له میانه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌كان ده‌ركه‌وتووه، بكوژه‌كه ناوی "عه‌بدولعه‌زیز"ـه و به‌هۆی ناكۆكییه‌ك ته‌قه‌ی له "حه‌ورا"ی هاوسه‌ری كردووه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی حه‌زی نه‌كردووه مێرده‌كه‌ی له‌گه‌ڵ دایك و باوكی بچێته ئاهه‌نگێكی هاوسه‌رگیری، بۆیه چه‌كه‌كه‌ی ئاراسته‌ی ژنه‌كه‌ی كردووه و ته‌قه‌ی لێكردووه.
هه‌رچه‌نده پیاوه‌كه دواتر ژنه‌كه‌ی به هاوكاری چه‌ند براده‌رێكی خۆی گه‌یاندووه‌ته نه‌خۆشخانه، به‌ڵام له نه‌خۆشخانه گوتوویه‌تی هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر شه‌قام گوللـه‌ی پێكه‌وتووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ده‌رگای نووستنی له‌ماڵه‌كه‌ی گۆڕیوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شوێنه‌واری گوللـه‌ی له‌سه‌ر بووه.
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه، بكوژه‌كه ده‌ستگیركراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش ئه‌و هاوڕێیانه‌ی شاهێدی درۆ‌یان داوه، له‌گه‌ڵ بكوژه‌كه رووبه‌ڕووی دادگا ده‌كرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی سزای خۆیان وه‌ربگرن.
د.ی