رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بە سستبوونەوەی ئابووری عێراق دەدەن

کەرتەکانی پەروەردە و تەکنەلۆژیا زۆرترین داکەوتنیان لە وەبەرهێنان تۆمارکردووە
كه‌رتی په‌روه‌رده‌ زۆرترین داكه‌وتنی له‌ وه‌به‌رهێنانی عێراق تۆماركردووه‌
كه‌رتی په‌روه‌رده‌ زۆرترین داكه‌وتنی له‌ وه‌به‌رهێنانی عێراق تۆماركردووه‌

K24 - هه‌ولێر:

بە گوێرەی رووپێوییەک کە لەلایەن رێکخراوی بازرگانی نێودەوڵەتی و رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچبەری سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ خۆراک و کشتوکاڵ لەسەر پێگەی "the releif web" بڵاوکراوەتەوە، کۆمپانیای بچووک و مامناوەندەکانی عێراق بە سستی دەبوژێنەوە.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەداوە، سەرەڕای بەردەوامی دەرفەتی کار و بەرزبوونەوەی داهاتی کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەڕاونەتەوە ئاستی بەر لە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا.

لە رووپێوییەکە زانیاری 893 کۆمپانیا لە چوار گەڕ لە نێوان حوزەیرانی 2020 تاوەکو حوزەیرانی 2021 ئەنجامدراوە.

تێیدا دەرکەوتووە، یەک لەسەر چواری کۆمپانیاکان نادڵنیان لە گەشانەوەیان لە دوای قەیرانی کۆرۆنا، کە کۆمپانیاکان لە کەرتەکانی پەروەردە، کشتوکاڵ، دارتاشی، کیمیایی، بیناسازی، پەروەردە، خۆراک، پیشەسازی، خزمەتگوزاری پزیشکی، خزمەتگوزاری گشتی و کاڵا و تەکنەلۆژیا و چنین و ئۆتۆمبێل کاردەکەن.

هەر لە رووپێوییەکەدا هاتووە، تەنیا سەدا 3ـی کۆمپانیا بچووک و مامناوەندەکان هاوکارییەکان لە حکومەت و رێکخراوە ناحکومییەکان وەرگرتووە.

نزیکەی نیوەی کۆمپانیاکان ئاماژەیان بەوداوە، سوودمەند نەبوونە لە هیچ پاڵپشتییەک بۆ ئەوەی دەرهاویشتەکانی کۆرۆنا تێپەڕێنن. هەروەها زانیارییان نەبووە لە پرۆگرامێکی لەو شێوەیە. لە بەرامبەردا نیوەکەی دیکە دەڵێن، ئەو هاوکارییەی پێشکەشیان دەکرێت پێویستییەکانیان پڕ ناکاتەوە.

لەبارەی چ هاوکارییەکی حکومیان پێویستە بۆ ئەوەی بەسەر قەیرانی کۆرۆنادا زاڵ بن، خاوەن کۆمپانیا بچووک و مام ناوەندەکان باسیان له‌و رێژه‌یه‌ كردووه‌، پرۆگرامی دارایی 58%، پاڵپشی کرێکاران 46% و پاڵپشتی کرێ 37%.

ئەمە لە کاتێکدا، قەیرانی کۆرۆنا چەندین کێشەی بۆ کۆمپانیاکان دروستکرد وەک، نەتوانینی پێدانی پابەندییە داراییەکان 46%، کەمبوونەوەی وەبەرهێنان 36%، داخرانی کاتی 40%.

لە رووپێوییەکەدا هاتووە، دارتاشی و بیناسازی لە هەموو کەرتەکان زیاتر زیانمەندبوونە لە درەنگ پێدانی شایسە داراییەکان بە رێژەی سەدا 57، هەریەکە لە کەرتەکانی پەروەردە و تەکنەلۆژیا زۆرترین داکەوتنیان لە وەبەرهێنان تۆمارکردووە، هەر یەکەیان سەدا 60 بە شێوەی کاتی داخراون. کەرتەکانی خۆراک و کشتوکاڵ کەمترین زیانیان بەرکەوتووە.

 

د.ی