لەکاتی ناشتنی تەرمی "رێبەر" لەسەر گۆڕستان دوو کەسی دیکە برینداربوون

رووداوێکی هاتووچۆ روویدا
رێبەر محەمەد، ئەمڕۆ لە کارگەیەکی چیمەنتۆ لە گوندی دێڵزیان کەوتە ناو حەوزێکی ئاو گیانی لەدەستدا
رێبەر محەمەد، ئەمڕۆ لە کارگەیەکی چیمەنتۆ لە گوندی دێڵزیان کەوتە ناو حەوزێکی ئاو گیانی لەدەستدا

K24 - سۆران

ئەمڕۆ گەنجێکی دەڤەری سۆران لە کارگەیەکی چیمەنتۆ کەوتە نێو حەوزێکی ئاو و خنکا، لەکاتی بەخاکسپاردنی تەرمی ئەو گەنجە لەسەر گۆڕستان، ئۆتۆمبێلێک کۆنترۆڵ لەدەستدەدات و بەوهۆیەوە دوو کەس برینداربوون، یەکێک لە بریندارەکان بۆ چارەسەر رەوانەی هەولێر کراوە.

تەیفور محەمەد، پەیامنێری کوردستان24 لە دەڤەری سۆران رایگەیاند، ئەمڕۆ گەنجێک بەناوی رێبەر محەمەد، لە دایکبووی (1998)ـە دانیشتووى گوندى سرێشمەی سەر بە ناحیەى خلیفانە و پیشەی شوفێربوو، لەکاتی کارکردن لە کارگەى دروستکردنى چیمەنتۆ، لە دێڵزیان-ی دەڤەری سۆران کەوتووەتە ناو حەوزێکی ئاو و خنکاوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان لەکاتی بەخاکسپاردنی تەرمی رێبەر لەسەر گۆڕستانی گوندی سرێشمە، ئۆتۆمبێلێک ئیستۆپی نامێنێ و خۆی دەکێشێ بەناو خەڵک، بەوهۆیەوە دوو کەسی دیکە برینداربوون، یەکێک لە بریندارەکان بەهۆی سەختی برینەکەی رەوانەی هەولێر کرا و ئەوەی دیکەشیان بۆ چارەسەر گەیەندراوەتە فریاکەوتنی سۆران.

پەیامنێرمان راشیگەیاند، ئەو کەسانەی لە رووداوەکە برینداربوون، هەردووکیان لە بنەماڵەی رێبەرن.

کەسێکی نزیک لە بنەماڵەی رێبەر بە کوردستان24ی گوت، ساڵێک لەمەوبەر برایەکی رێبەر بەناوی عەبدولموتەڵیب، بە رووداوی هەڵدێران گیانی لەدەستداوە.