حه‌شد: "موئامه‌ره"مان لێكراوه
K24 – هه‌ولێر:
فه‌رمانده‌یه‌كی حه‌شدی شه‌عبی رایگه‌یاند، پیلانگێڕییه‌ك له دژی حه‌شدی شه‌عبی له ئارادایه و له رێی كۆمیسیۆنه‌وه "موئامه‌ره‌مان لێكراوه".
ئه‌م لێدوانه دوای ئه‌وه هات، كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق بڕیاری دا، هێزه‌كانی حه‌شد نه‌توانن به‌شداری له "ده‌نگدانی تایبه‌ت"دا بكه‌ن.
كۆمیسیۆن رایگه‌یاند، نووسراویان كردووه بۆ ده‌سته‌ی حه‌شد، داوایانكردووه، ناوی كارمه‌ندانی حه‌شدیان پێ بده‌ن و ناسنامه‌ی ئه‌لیكترۆنی ده‌نگدانیان بۆ درووست بكرێت، به‌ڵام حه‌شد وه‌ڵامی نه‌داونه‌ته‌وه، بۆیه بڕیاریان داوه له ده‌نگدانی تایبه‌تدا حه‌شد بێ به‌ش بكرێت.
له‌و باره‌یه‌وه، فه‌رمانده‌یه‌كی حه‌شد، كه نه‌یویستووه ناوی بهێنرێت وتویه‌تی: ئه‌مه موئامه‌ره‌یه و ئه‌مه‌ریكا و هه‌ندێك لایه‌نی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه له دژی حه‌شد رێكیان خستووه.
هه‌روه‌ها ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی، فه‌رمانده‌ی حه‌شد و گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی فه‌تح، به‌یانێكی میدیایی ده‌ركرد و تێیدا رایگه‌یاند، بیستوومانه چه‌كدارانی حه‌شد ناتوانن له ده‌نگدانی تایبه‌ت به‌شداری بكه‌ن و ده‌بێت له رۆژی ده‌نگداندا سه‌نگه‌ره‌كانیان به‌جێ بهێڵن و بڕۆنه‌وه ماڵه‌وه ده‌نگ بده‌ن.
هه‌روه‌ها وتویه‌تی: داواتان لێده‌كه‌ن به سه‌دانتان رووبكه‌نه ده‌نگدان، بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی ده‌نگی پاڵه‌وانه‌كانمان بكه‌نه‌وه كه له سه‌نگه‌ردان و ناتوانن به‌شداری له ده‌نگدان بكه‌ن.
به‌رپرسانی هاوپه‌یمانی فه‌تح رایانگه‌یاندووه، بێبه‌شكردنی حه‌شد له ده‌نگدانی تایبه‌ت كاریگه‌ری له‌سه‌ر چانسی سه‌ركه‌وتنی هاوپه‌یمانییه‌كه درووست ناكات.
چه‌كدارانی حه‌شد ژماره‌یان 130 هه‌زار كه‌سه، 30 هه‌زار چه‌كداریش گرێبه‌ستیان هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه و به‌م دواییانه گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌نگه‌ره‌كانیان.
دوو رۆژ پێش پرۆسه‌ی ده‌نگدانی گشتیی، ده‌نگدانی تایبه‌ت به‌ڕێوه‌ده‌چێت و له‌و رۆژه‌دا ته‌نیا هێزه ئه‌منییه‌كان و كارمه‌ندانی نه‌خۆشخانه و زیندانه‌كان ده‌نگ ده‌ده‌ن.