عه‌لی خامنه‌یی: ئه‌وه‌ی چاڵ بۆ براكه‌ی هه‌ڵكه‌نێت خۆی تێی ده‌كه‌وێت

عه‌لی خامنه‌یی، رێبه‌ری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران
عه‌لی خامنه‌یی، رێبه‌ری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران

K24 – هه‌ولێر:

عه‌لی خامنه‌یی، رێبه‌ری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆچوونی خۆی له‌ باره‌ی ناكۆكیی و بارگرژییه‌كانی باكووری خۆرئاوای ئێران و ناوچه‌كانی هاوسنوور له‌گه‌ڵ ئازه‌ربیجان راگه‌یاند.

خامنه‌یی، رایگه‌یاند، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت كێشه‌كان به‌ بێ ده‌ستوه‌ردان و هاتنی هێزه‌ بیانییه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.

گوتیشی: ئێران راسته‌ هێزی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ عه‌قڵمه‌ندییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ ده‌كات و نایه‌وێت كێشه‌كانی ناوچه‌كه‌ ئاڵۆزتر بن.

هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌وه‌ی چاڵ بۆ براكه‌ی هه‌ڵبكه‌نێت خۆی تێی ده‌كه‌وێت.

دیمه‌نێكی مانۆڕی سه‌ربازی ئێران له‌ نزیك ئازه‌ربیجان
دیمه‌نێكی مانۆڕی سه‌ربازی ئێران له‌ نزیك ئازه‌ربیجان

خامنه‌یی ئه‌وه‌شی گوت: با فریوی وێنای سوپای ئه‌مه‌ریكا نه‌خورێت، چونكه‌ وێنه‌ هۆلیۆدییه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا دوورن له‌ راستییه‌وه‌.

له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا كۆماری ئیسلامی نمایشێكی سه‌ربازی له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كان ئازه‌ربیجان ده‌ستپێكردووه‌.

پێشتر گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، سه‌عید خه‌تیبزاده‌ رایگه‌یاندبوو، ئێران به‌رگه‌ی بوونی ئیسرائیل له‌ ناوچه‌كانی نزیك سنووری ناكات.

مانۆڕی سه‌ربازی سوپای ئێران له‌ باكووری خۆرئاوا و نزیك سنووری ئازه‌ربیجان
مانۆڕی سه‌ربازی سوپای ئێران له‌ باكووری خۆرئاوا و نزیك سنووری ئازه‌ربیجان

ئه‌م بارگرژییه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت، ئیسرائیل و ئازه‌ربیجان رێككه‌وتنێكی سه‌ربازی نوێیان واژوو كردووه‌.

ئازه‌ربیجان، تاران به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات، كه‌ به‌ شێوه‌ی نایاسایی بارهه‌ڵگر ره‌وانه‌ی هه‌رێمی قه‌ره‌باغ ده‌كات.

ئیلهام عه‌لییڤ، سه‌رۆكی ئازه‌ربیجان رایگه‌یاندووه‌، له‌ رێی مانگه‌ ده‌ستكرده‌كانه‌وه‌ وێنه‌مان ده‌ستكه‌وتووه‌، كه‌ بارهه‌ڵگره‌ ئێرانییه‌كان ره‌وانه‌ی قه‌ره‌باغ كراوون.

ئیلهام عه‌لییڤ، سه‌رۆكی ئازه‌ربیجان و بنیامین ناتانیاهۆی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی ئیسرائیل له‌ كاتی كۆبوونه‌وه‌یان
ئیلهام عه‌لییڤ، سه‌رۆكی ئازه‌ربیجان و بنیامین ناتانیاهۆی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی ئیسرائیل له‌ كاتی كۆبوونه‌وه‌یان

عه‌لییڤ، سه‌رسوڕمانی خۆی له‌ باره‌ی مانۆڕه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئێران له‌ ناوچه‌كانی نزیك سنووری وڵاته‌كه‌ی ده‌ربڕی و گوتی: ماوه‌یه‌كی زۆره‌ شتی له‌و جۆره‌مان نه‌بینیوه‌.

سه‌رچاوه‌: RT، ئه‌نادۆڵ.