سبەی دابەشکردنی نەوتی سپی دەستپێدەکات

K24 – ههولێر:
سبەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە پارێزگای هەولێر دەست پێدەکات و یەکەم شوێنیش لە دەڤەری سیدەکان دابەشدەکرێت.
ئاری کاکەشین سابیر، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر تایبەت بۆ کوردستان24 رایگەیاند، سبەی یەکەم قۆناغی دابەشکردنی نەوتی سپی لە هەولێر لە ناوچەی سیدەکان دەستپێدەکات و رۆژانە پڕۆسەی دابەشکردن بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر راشیگهیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر تێچووی خۆی نەوتەکە دابەشدەکات پاڵپشتی لە نرخەکەی دەکات، هەر خێزانێک 200 لیتر، کە دەکاتە بەرمیلێك، نەوتی پێدەدرێت و نرخی هەر بەرمیلێک 55 هەزار دیناری عێراقییە.
روونیكردهوه، حکومەت جددییە لە دابەشکردنی نەوت و دەیەوێت بەر لە وەرزی سەرما و سۆڵە و بەفر و باران بارین، هاووڵاتییان بە زووترین کات سوودمەند بن لە وەرگرتنی نەوتی سپی.
ئاماژهیپێكرد، ئەو بڕە نەوتە لە رێگەی بریکارەکانی خۆراک و لیژنەکانی نەوت وکانزاکانی سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بە هاوکاری قایمقامییەتی قەزاکان دابەش دەکرێت.
گووتیشی: بڕێکی باشی نەوتی سپی بەردەستە، داوا لە بریکارەکان دەکەن هاووڵاتییانیان ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی بە زووترین کات نەوتیان بەسەر دابەشبکرێت.
روونیشیكردهوه، لهسهر فهرمانی سەرۆکی حکومەت هەوڵەکانیان چڕ کردووەتەوە، بۆ ئەوەی بەخێرایی بەر لە دەستپێکردنی وهرزی سەرما و سۆڵە نەوت بگاتە دەست دانیشتووانی ناوچە شاخاوییەکان، بۆ ئەوەی ناچار نەبن پەنا بۆ بڕینەوە دار ببەن، تاوەکو کاریگەری نەرێنی لەسەر ژینگە و سروشتی کوردستان نەبێت.
جهختیكردهوه، کوالێتی نەوتی سپی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو باشترە و بڕەکەشی زیاترە، لە کاتێکدا لە ساڵی 2020 نزیکەی 22 ملیۆن لیتر دابەشکرا.