سعوودیه نهێنییه‌كی مانگی رابردووی له‌گه‌ڵ ئێران ئاشكرا ده‌كات
K24- هه‌ولێر:
فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی پشتڕاست كرده‌وه، كه باس له‌وه ده‌كه‌ن، له مانگی رابردوو دانوستانیان له‌گه‌ڵ ئێران ئه‌نجامداوه، كه له‌و كاته‌ی ئیبراهیم ره‌ئیسی ده‌سه‌ڵاتی ئێرانی گرتووه‌ته ده‌ست، ئه‌مه یه‌كه‌م جاره گه‌رێكی دانوستان له نێوان تاران و ریاز به‌ڕێوه ده‌چێت و دووپاتی كرده‌وه، ئه‌و هیوای به‌و دانوستانانه‌یه كه دۆسییه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ردوو لا چاره‌سه‌ر ده‌كات.
به‌گوێره‌ی ئاژانسه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، له چه‌ند مانگی رابردوودا ژماره‌یه‌ك گه‌ڕی دانوستان له نێوان ئه‌و دوو وڵاته به نهێنی له به‌غدای پایته‌ختی عێراق به‌ڕێوه‌چوون، بۆ یه‌كه‌م جاریش ئه‌و دانوستانانه له مانگی نیسانی رابردوو له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی حه‌سه‌ن رۆحانی، سه‌رۆك كۆماری پێشووی ئیران ئاشكرا بوو و به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، له‌و دانوستانانه پێشڤه‌چوونی باش له‌باره‌ی ئاسایشی كه‌نداو كراون.
پێشتریش چه‌ندین جار به‌رپرسانی عێراقی ئاشكرایانكردبوو، مانگی رابردوو گه‌ڕێكی دیكه‌ی دانوستانی نهێنی له نێوان تاران و ریاز، كه ده‌گوترێت چواره‌م گه‌ڕ بووه، له به‌غدا به‌ڕێوه‌چوون، به‌ڵام هیچ كامێك له ئێران و سعوودیه ئه‌و هه‌واڵه‌یان پشتڕاست نه‌كردبووه‌وه.
ئه‌مڕۆش بۆ یه‌كه‌م جار فه‌یسه‌ڵ بن فه‌رحان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سعوودیه له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ جۆزیپ بۆرێل، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا له ریازی پایته‌ختی وڵاته‌كه‌ی رایگه‌یاند، "سه‌باره‌ت به دانوستانه‌كانی نێوان سعوودیه و ئێران، گه‌ڕی چواره‌میان له 21ی مانگی رابردوو به‌ڕێوه‌چوون".
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "تا ئێستا ئه‌و دانوستانانه له قۆناغی تاقیكاریدان، هیوامان وایه ببێته بناغه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ردوو لا"، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاماژه به شوێنی دانوستانه‌كان و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی و نوێنه‌رانی هه‌ردوو لا له دانوستانه‌كاندا بكات.
له مانگی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایه‌ری ساڵی 2016، دوای هێرشی سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی سعوودیه له تارانی پایته‌ختی ئێران و كونسوڵخانه‌كه‌ی له شاری مه‌شهه‌دی باكووری رۆژهه‌ڵاتی ئه‌و وڵاته، كه وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك بوو بۆ له‌سێداره‌دانی نه‌مر نه‌مر، پیاوی ئایینی شیعه مه‌زهه‌ب له سعوودیه، ریاز په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌یه‌كجاری له‌گه‌ڵ تاران پچڕاند.
ئێران و سعوودیه به دوو گه‌وره هێزی ناوچه‌ی كه‌نداو داده‌نرێن و له زۆربه‌ی دۆسییه هه‌رێمایه‌تییه‌كانی ناوچه‌كه‌دا به دوو لایه‌نی سه‌ره‌كی هه‌ژمار ده‌كرێن، له دیارترین ئه‌و دۆسییانه‌ش ململانێكانی یه‌مه‌ن، كه ریاز سه‌ركردایه‌تی هاوپه‌یمانێتییه‌كی سه‌ربازیی بۆ پشتیوانیكردن له حكومه‌تی دانپێدانراوی یه‌مه‌ن له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی له دژی چه‌كدارانی حووسییه شیعه‌كانی یه‌مه‌ن ده‌كات و تاران به‌وه تۆمه‌تبار ده‌كات، كه پشتیوانی له حووسییه‌كان ده‌كات، كه كۆنترۆڵی پانتاییه‌كی فراوانی باكووری یه‌مه‌ن ده‌كه‌ن، له دیارترین ئه‌و ناوچانه‌ش، سه‌نعای پایته‌ختی ئه‌و وڵاته.