کەشناسی وادەی یەکەم بارانبارینی ئەمساڵ رادەگەیەنێت

دیاردە نامۆکانی کەشوهەوا زیاتردەبن
بارانبارین - ئەرشیف
بارانبارین - ئەرشیف

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی، وادەی یەکەم شەپۆلی بارانبارینی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان رادەگەیەنێت و ئاماژە بەوەشدەکات، پێشبینییەکان بۆ ئەم دوو مانگە دڵخۆشکەرنین و دیاردە نامۆکانی کەشوهەوا زیاتربن.

فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە ئەمڕۆوە پلەکانی گەرما روو لە دابەزین دەکەن و دەتوانین بڵێین ئەو شەپۆلە گەرمایەی دوێنێ ناوچەکەی گرتەوە کۆتا شەپۆلی گەرمای ئەمساڵ بوو، ئەمڕۆ پلەی گەرما بە 5 پلە دادەبەزێت".

سەبارەت بە بارانبارینی ئەمساڵ، گوتی: "بەگوێرەی توێژینەوەکان بەهۆی بەردەوامبوونی دیاردەی نینان لەسەر ناوچەکە، پێشبینییەکان بۆ مانگی 10 و 11 دڵخۆشکەرنین، بۆ ئەوەی رێژەی بارانبارین زۆربێت. باران دەبارێت، بەڵام بەشێوەیەکی کەمتر لە تێکڕای ئاسایی خۆی، پێشبینی دەکرێت لە دوای مانگی 12 گۆڕانکاری بەسەر ئەو دیاردە بێت و رەوشەکە بەرەو ئاسایی بوونەوە بچێت و رێژەی بارانبارین بگاتەوە تێکڕای ئاسایی خۆی".

ئاماژەی بەوەشکرد: "بە گشتی هەر ساڵێک وشکەساڵی بووبێت، ساڵی دواتر رێژەی بارانبارین باشتر بووە، بەڵام پێویستی بە کاتی زیاترە تا دەگاتەوە تێکڕای ئاسایی خۆی".

لەبارەی یەکەم شەپۆلی بارانبارینی ئەمساڵ، فازڵ ئیبراهیم گوتی: "پێشبینی دەکرێت لە ناوەڕاستی ئەم مانگە شەپۆلێکی بارانبارینی لاواز روو لە ناوچەکە بکات، کە ئەمە دەبێتە سەرەتای بارانبارینی ئەمساڵ".

بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی، ئاماژەی بەوەشدا: "دیاردە نامۆکانی کەشوهەوا روویان لە زیادبوونە، هەم وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، هەمیش بارانبارین و لافاو لە هەندێک شوێن، بەگوێرە پێشبینییەکان ئەم ناوچەیەش بەدەر نابێت لە کاریگەرییەکانی دیاردە نامۆکانی کەشوهەوا، کە لە هەندێک کاتدا بارانی بە خوڕ دەبێت و لە هەندێک کاتیشدا بۆ ماوەیەک باران نابارێت، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ دیاردە نامۆکان لە کەشوهەوا زیاتربن".