دوو قوتابی کورد یەکەمی سەر ئاستی کەرکووکن

خوێندنی کوردی لە کەرکووک پێشەنگە
خوێندنی کوردی لە کەرکووک
خوێندنی کوردی لە کەرکووک

K24 – کەرکووک

دوو قوتابی کورد لە کەرکووک لە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بە کۆنمرەی 99.71 بوونە یەکەمی سەر ئاستی کەرکووک و 109 قوتابی دیکەی کوردیش کۆنمرەکانیان لە سەرووی 95ـە. بەمەش خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە پێشەنگی خوێندنی زمانەکانی دیکە دادەنرێت.

مامۆستا شێرزاد رەشید، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەمساڵیش وەک ساڵانی رابردوو خوێندنی کوردی لە کەرکووک پێشەنگی خوێندنی زمانەکانی ترە، دوای ئەوەی ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی راگەیاندرا و بەگوێرەی ئەنجامەکان 109 قوتابی خوێندنی کوردی لە کۆمەڵەی پزیشکی وەردەگیرێن، کە هەموو ئەو قوتابیانە نمرەکانیان لە سەرووی 95ـەوەیە، زۆربەیان کۆ نمرەکانیان 99ـە".

گوتیشی: "ئەوەی زیاتر دڵخۆشمان دەکات دوو قوتابیمان بەناوی سایە عەبدوڵباست، لە قوتابخانەی ئامادەیی چوارچرای کچان و دیانا فوئاد قادر، لە ئامادەیی شنەی کچان هەردووکیان تێکڕای نمرەکانیان 99.71ـە، واتا یەکەمەکانی سەر ئاستی کەرکووک لە پۆلی 12ی ئامادەیی لە خوێندنی کوردیە، ئەم دەستکەوتە مەزنەش بۆ مامۆستا دڵسۆزەکان و ئیدارەی قوتابخانەکان و خانەوادەی قوتابییەکان دەگەڕێتەوە".

بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، ئاماژەی بەوەشکرد: "ساڵانە لەکاتی تاقیکردنەوەکان دەنگۆی خراپ دژی خوێندنی کوردی لە کەرکووک بڵاودەکرێتەوە، بەڵام قوتابیانی کورد بە نمرەکانیان وەڵامی ناحەزان دەدەنەوە و دەبنە پێشەنگ".

باسی لەوەشکرد: "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری پەروەردە بەردەوام بە خەمی خوێندنی کوردییەوە بوونە لە کەرکووک، لێرەشەوە داوا دەکەم گرنگی زیاتر بە خوێندنی کوردی بدەن و ئەو قوتابیانەی کە یەکەمی سەر ئاستی کەرکووکن خەڵات بکرێن و رێزیان لێبگیرێت".

شێرزاد رەشید، ئاشکراشی کرد: "ئەمساڵ 10 هەزار و 500 قوتابی پۆلی یەکەم لە قوتابخانە کوردییەکانی کەرکووک تۆمار کراون، جگە لەو قوتابیانەی لە پۆلەکانی دیکە لە قوتابخانە عەرەبی و تورکمانییەکان خۆیان گواستووەتەوە قوتابخانە کوردییەکان. بە گشتی ئێستا ژمارەی قوتابیان لە قوتابخانە کوردییەکان نزیکبووەتەوە لە 100 هەزار قوتابی".

باسی لەوەشکرد: "قوتابییە دەرچووەکانی کەرکووک هەم دەتوانن داواکاری پێشکەش بە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بکەن، هەمیش زانکۆی کەرکووک و زانکۆی شارەکانی دیکەی عێراق".