عێراق سیستمی بەرگری ئاسمانی لە سێ وڵات دەکڕێت

لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2022، بودجەی پێویست بۆ وەزارەتی بەرگری تەرخان دەکرێ
سیستمی بەرگری ئاسمانی S400ی رووسی - ئەرشیف
سیستمی بەرگری ئاسمانی S400ی رووسی - ئەرشیف

K24 - هەولێر

ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاشکرای دەکات، عێراق بەنیازە سیستمی بەرگری ئاسمانی لە سێ وڵات بکڕێت.

بەدر زەیادی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، عێراق بەنیازە لە ساڵی داهاتوو، سیستمی بەرگری ئاسمانی لە فەرەنسا، کۆریای باشوور و رووسیا بکڕێت، بۆ ئەم مەبەستەش لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2022، بودجەی پێویست بۆ وەزارەتی بەرگری تەرخان دەکرێت.

زەیادی ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەکەیان راپۆرتێکی لەوبارەوە پێشکەشی مستەفا کازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق کردووە.